د. بەرهەم ساڵح؛ لە پەنابەرییەوە بۆ سەرۆکایەتیی گەورەترین ئاژانسی پەنابەرانی جیهان

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نامۆ عەبدوڵڵا
نامۆ عەبدوڵڵا
د. بەرهەم ساڵح
د. بەرهەم ساڵح
A+ A-

رووداو - نیویۆرک

ساتێکی مێژوویی لە نەتەوە یەکگرتووەکان؛ کوردێک بۆ سەرکردایەتیکردنی گەورەترین ئاژانسی پەنابەرانی جیهان هەڵبژێردرا. د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق بووە یەکەم کەس لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەو پۆستە وەردەگرێت.
 
ئانالینا بایربۆک، سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتی راگەیاندنی بڕیارەکەدا گوتی: "ئایا دەکرێت وا دابنێم کە کۆمەڵە بڕیاری دا بە هەڵبژاردنی بەڕێز بەرهەم ئەحمەد ساڵح وەک کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران بۆ ماوەی پێنج ساڵ، کە لە 1ی کانوونی دووەمی 2026ـەوە دەستپێدەکات و لە 31ی کانوونی یەکەمی 2030 کۆتایی دێت؟... بەمشێوەیە بڕیار درا."
 
هەڵبژاردنەکە رۆژی پێنجشەممە (18ی کانوونی یەکەمی 2025) بەڕێوەچوو. ساڵی 1950، واتە 10 ساڵ پێش لەدایکبوونی د. بەرهەم ساڵح، رێکخراوەکە بۆ یارمەتیدانی کۆچبەرانی جەنگی دووەمی جیهانی دروستکرا. لەم 75 ساڵەدا، هیچ کەسێک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەبووەتە سەرۆکی رێکخراوەکە.
 
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری رووداو سەبارەت بەوەی چی وای لە سکرتێری گشتی کرد بەرهەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بکات؟، ستیفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی گوت: "زۆر بەربژێری لێهاتوو بۆ ئەو پۆستە هەبوون و، پێموایە ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەو رۆڵە گرنگەی کە کۆمیسیاری باڵای پەنابەران (UNHCR) لە جیهاندا هەیەتی کە زۆر لە کەسایەتیی گەورە دەیانویست ئەم پۆستە وەربگرن."
 
دوژاریک ئاماژەی بەوەش کرد: "پێموایە دەستبەکاربوونی بەڕێز ساڵح لە UNHCR مێژووییە، بەو پێیەی ئەو یەکەم کەسە لە وڵاتێکی نابەخشەر ئەو پۆستە وەربگرێت. هەروەها پێموایە ئەو خاوەنی ئەزموونێکی کەسیی دەوڵەمەندە، چونکە خۆی پێشتر لە وڵاتەکەی دوورخراوەتەوە و ناچار بووە لێی هەڵبێت."
 
لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، د. ساڵح بووە پەنابەر لە بەریتانیا و لەوێ بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێنا. دواتر گەڕایەوە کوردستان و عێراق و پۆستی باڵای بەدەستهێنا، لەوانە سەرۆککۆمار.
 
کەمێک دوای هەڵبژاردنی لەوێ، لە سۆشیاڵ میدیا د. بەرهەم پەیامێکی بە سێ زمان بڵاوکردەوە کە یەکێکیان کوردی بوو. نووسیویەتی: "بۆ خۆم رۆژگارێک پەنابەر بووم و، باش دەزانم کە چۆن پارێزگاری و هاوکاری، دەتوانێت رێڕۆی ژیان بگۆڕێت."
 
هەڵبژاردنی د. بەرهەم بۆ سەرکردایەتیکردنی رێکخراوێک کە لە 128 وڵات کاردەکات، دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ کوردێک کە رۆژانێک کۆچبەر بووە.
 
بەڵام ئەرکی د. بەرهەم ئاسان نابێت؛ ئەمڕۆ نزیکەی 117 ملیۆن کەس لە جیهاندا ئاوارەن و بودجەی رێکخراوەکەش لە ساڵی داهاتوودا 20% کەم دەکات. لە سەری ساڵەوە، چاوەڕێ دەکرێت د. بەرهەم ماڵەکەی لە مێرگەپانەوە بگوازێتەوە بۆ جنێڤ، کە بنکەی سەرەکیی کۆمیسیۆنی باڵای کۆچبەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانی لێیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە