رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ دەڵێ، بەرهەمی نێوخۆ ئێستا رکابەریی بەرهەمی هاوردە دەکات.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان سامانی ئاژەڵ بەشێوەیەکی گشتی پەلەوەر و ئاژەڵداری دەگرێتەوە.
ئەو بەڕێوەبەرە گوتی، کاریگەریی وشکەساڵی لەسەر سامانی ئاژەڵ بەگشتی بەخێوکردن بە شێوازە نەریتییەکەی دەگرێتەوە، ئەوەش زیاتر کاریگەری لەسەر بەخێوکردن لە گوندەکان دەبێت، بەتایبەتیش ئاژەڵەکانی وەک بزن، مەڕ و مانگا.
بە گوتەی بەڕێوەبەرەکە، بەهۆی لافاوەکەی ئەمدواییەوە، زیان بەر سامانی ئاژەڵ و سامانی ماسی کەوتووە، بەڵام سامانی ماسی زیانی زیاتری بەرکەوتووە، چونکە زیاتر لە سەرچاوەکانی ئاوەوە نزیکن.
قسەکانی فیراس سدیق رۆژی هەینی 19-12-2025 لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 16:00 کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشکێشی کرد.
فیراس سدیق لەبارەی بەرەوپێشچوونی بەرهەمی شیرەمەنیش گوتی، پێش شەش ساڵ، ژمارەی پڕۆژەکانی بەخێوکردنی مانگای شیردەر لە هەرێمی کوردستان 72 پڕۆژە بوون، ئێستا گەیشتوونەتە 88 پڕۆژە. ژمارەی ئاژەڵەکانیش لە پڕۆژەکان لە 7 هەزار سەرەوە گەیشتووەتە 15 هەزار سەر.
بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، ئێستا زۆربەی بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە نێوخۆ بەرهەمدەهێندرێن کە ئەمە پێشتر نەبوو، بەڵام ئێستا بەرهەمی نێوخۆ تەنگی بە بەرهەمی هاوردەکراو هەڵچنیوە.
وەلید زورفی، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، رۆژی 18-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشتر هاوردەکردنی مریشک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوچەکانی خوارووی عێراق قەدەخە بوو، بەڵام ئێستا رێکارێکمان پێشکێشی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان کردووە و بە جێبەجێکردنی، دەست دەکەینەوە بە وەرگرتنی مریشک لێیان."
لە بەرامبەردا فیراس سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، بە بایەخەوە لەو هەنگاوەی عێراق دەڕوانن و وەک دەستپێشخەرییەکی باش دەیبینن.
هاوکات لە هەمان رۆژدا بەغدا بڕیاریدا رۆژانە هێلکەی هەرێمی کوردستانیش هاوردە بکات.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ ژمارەی پەلەوەرخانەکان و بەرهەمی مریشک بەمجۆرەیە:
لە هەرێمی کوردستان 1995 پەلەوەرخانە هەن.
ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک گەورە دەکرێن.
بەرهەمی ساڵانەی گۆشتی مریشک دەگاتە نزیکەی 250 هەزار تۆن.
پێداویستیی ساڵانەی ناوخۆ 146 هەزار تۆنە.
ساڵانە نزیکەی 104 هەزار تۆن گۆشتی مریشک لە پێداویستیی ناوخۆ زیاد دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ