بەرپرسیاری رەمەزان؛ باوکی 3 منداڵ بە یەک قاچەوە قوتوو و کارتۆن کۆدەکاتەوە

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
 وێنەکە لە بەنامەکەوە وەرگیراوە
وێنەکە لە بەنامەکەوە وەرگیراوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خۆشناو عەبدولڕەزاق، گەنجێکی تەمەن 25 ساڵی کەمئەندامە لە هەولێر، کە بە یەک قاچەوە ناچارە کارتۆن و قوتووی بەتاڵ کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی خێزانە پێنج کەسییەکەی دابین بکات. ئەو رۆژانە کەمتر لە 5 هەزار دیناری دەستدەکەوێت، لە کاتێکدا مانگانە 200 هەزار دینار کرێی خانووەکەی دەدات.
 
رۆژی شەممە، 21ـی شوباتی 2026، خۆشناو، کە باوکی سێ منداڵی بچووکە، لە بەرنامەی (بەرپرسیاری رەمەزان)ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: بەهۆی سەختیی ژیانیانەوە ناچار بووە دارشەقەکەی بە 6 هەزار دینار بفرۆشێت بۆ ئەوەی شیر بۆ یەکێک لە منداڵەکانی بکڕێت. ئەو دەڵێت: "دوو هەفتە پێش ئێستا دارشەقەکەم فرۆشت، کە بە 41 هەزار دینار کڕیبووم. ئێستا کارکردن بۆم قورستر بووە، بەڵام ناچار بووم."
 
ئەم خێزانە لە گەڕەکی 5ی حەسارۆک لە خانوویەکی کرێدا دەژین کە وەک خۆیان باسی دەکەن، "سارد و سڕە و دڵۆپە دەکات." زەهرا شاخەوان، هاوژینی خۆشناوە، لە بەرپرسیاری رەمەزان، باسی لەوەکرد، بەهۆی هەژارییەوە رۆژانە تەنیا یەک ژەم دەخۆن و زۆرجار منداڵەکانیان لەبرسا دەگرین. زەهرا دەڵێت: "جاری وا هەبووە سێ رۆژ هیچمان نەبووە بیخۆین."
 
کەمدەرامەتییەکە کاریگەریی لەسەر داهاتووی منداڵەکانیشیان کردووە، کە تاوەکو ئێستا کارتی نیشتمانی و ناسنامەیان بۆ دەرنەهێنراوە.
 
دوای ئەوەی چیرۆکی خۆشناو و خێزانەکەی لە شاشەی رووداو بڵاوبووەوە، چەندین خێرخواز پەیوەندییان بە بەرپرسیاری رەمەزانەوە کرد و ئامادەیی خۆیان بۆ یارمەتیدانیان دەربڕی. خێرخوازێک بەڵێنی داوە کرێی شەش مانگی خانوویان بۆ بدات، شیری منداڵەکانیان بۆ شەش مانگ دابین بکات و قاچێکی دەستکردیش بۆ خۆشناو دروست بکات. هاوکات خێرخوازێکی دیکەش رایگەیاند، "شیر و دایبی و جلوبەرگ و هەرچییان پێویست بێت، بۆیان دابین دەکەم."
 
خۆشناو، رۆژانە بە یەک قاچ و بێ دارشەق لە کۆڵان و شەقامەکانی شار قوتوو کۆدەکاتەوە، وەک خۆی دەڵێت، رۆژانە سێ بۆ چوار کیلۆ کۆدەکاتەوە و بە شان هەڵیدەگرێت و کیلۆی بە 1250 دینار دەدات، کە ناکاتە پارەی یەک قوتووی شیری منداڵەکانی. ئەو دەڵێت: "تەنیا ئاواتم ئەوەیە منداڵەکانم لەژێر چوار دیواری خۆم 'خانووی خۆم' ببینم."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە