رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، زۆربەی ئەوانەی بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیردەکرێن، دوای ئەوەی ماوەی یاسایی حوکمەکەیان تەواو دەبێت، دووبارە و چەند بارە دەست بە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەکەنەوە و دەشڵێت، رێژەی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر جێگیرە و بازرگانی گەورە لە هەرێمی کوردستان نییە.
لیوا کەیوان تۆفیق، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەڵێت، رێژەی بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر جێگیرە و هیچ ساڵێک لە 1500 تاوانبار تێناپەڕێت.
ساڵی 2021، 1943 تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون، دەردەکەوێت هێرۆیین لە پلەی یەکەمدایە لە بەکارهێنان و بازرگانیکردن، ئەمساڵیش، بەتەنیا لە مانگی 1، 220 تۆمەتبار دەستگیرکراون. کریستاڵ و هێرۆیین دیارترین ماددە بەکارهاتووەکانن و لە مانگی 2، 189 تۆمەتبار دەستگیرکراون و بەهەمان شێوە هێرۆیین و کریستاڵ لە پێشەوەی ریزبەندییەکەیان گرتووە، لە مانگی سێشدا، 156 تۆمەتبار دەستگیرکراون و تلیاک و هێرۆیین لە ریزی پێشەوەی ریزبەندییەکەدان.
لە 14/2/2019 رووداو قسەی لەگەڵ گەنجێکی بازرگان و گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر لەنێو زیندانی ئاسایشی هەولێر کرد، ئەوکات گەنجێکی لاوازبوو، جەستەی ببوە برین. برینێک کە بەهۆی بەکارهێنانی کریستاڵەوە تووشی بوو بوو، بەڵام ئێستا تەندروستیی باشبووە، حوکمەکەی تەواو کردووە و چەند رۆژێکی دیکە ئازاد دەکرێت.
هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر هەیە و بەکەوانی زێڕین ناودەبرێت، پردی پەیوەندیی وڵاتانی ئاسیا بە ئەوروپایە، وەک بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ئاماژەی پێدا، هەوڵی ئەوان بۆ زیادنەکردنی ئەو رێژەیەیە کە چەند ساڵێکە نەیانهێشتووە زیاد بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ