رووداو - هەولێر
خوولی حەوتەمی مەشقەکانی یەکەی 80ی پێشمەرگە کۆتاییهات، زیاتر لە 500 پێشمەرگە مەشقی بنەڕەتی، چەکی سووک، چەکی ناوەندی و کۆماندۆیان ئەنجامداوە و ئامادەن بۆ بەرەکانی شەڕ.
بەگوێرەی سەختی و سرووشتی وەرزەکان پێشمەرگە مەشقی بینیوە. جگە لە مەشقی زەمینی، بۆ یەکەمجار پێشمەرگە لەسەر دەستی راهێنەرانی سەربازیی هاوپەیمانان، مەشقی ئاسمانیشیان ئەنجامدا، بەتایبەتی دابەزین لە هەلیکۆپتەر بۆ چالاکیی تایبەت و گەیشتن بە ناوچە مەترسیدارەکان.
بە پراکتیکی پێشمەرگە مەشقە ئاسمانییەکانیان لەبەردەمی فەرماندەکانیان و هاوپەیمانان ئەنجامدا، راهێنەرانی سەربازیی فەرەنسی پێشمەرگەکانیان راهێناوە. مەشقەکان وەکو ئامادەکارییە بۆ چوونی لیواکانی یەکەی 80ی پێشمەرگە بۆسەر وەزارەتی پێشمەرگە، فەرماندەی یەکەی 80 ئامادەیی پیشاندا کە بەبێ چاوەڕوانیی یەکەی 70ی پێشمەرگە، بەمنزیکانە تەواوی هێزەکانیان دەخەنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
نەجات عەلی، فەرماندەی یەکەی 80ی پێشمەرگە رایگەیاند "لە ماوەیەکی نزیکدا تەواوی هێزەکانمان دەخەینە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئێمە لای خۆمان بڕیارمانداوە و چاوەڕوانی هێزەکانی 70 ناکەین، بەهیواین ئەوانیش وەکو ئێمە بڕیاری خۆیان بدەن و بێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە".
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لەوانە ئەمریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، هۆڵەندا و فەرەنسا لەنزیکەوە سەرپەرشتیی مەشق و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن، کە مەرجی سەرەکییان بۆ بەردەوامیی تێکەڵبوونی هێزەکانی پێشمەرگەیە وەکو سوپایەکی نیزامیی یەکگرتوو.
دەیڤد ولیامس، فەرماندەی فەرماندەیی سەنتەری هەماهەنگیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەڵێت "هاوپەیمانان زۆر دڵخۆشن بەو پێشکەوتنەی لە چاکسازیی پێشمەرگەدا کراوە، گرووپێکی راوێژکاریی فرەنەتەوەیی و کۆنسوڵخانەکان سەرپەرشتیی پرۆژەکە دەکەن، بەڵام هاوپەیمانان لێرەن شەڕی داعش بکەن، ئێمە پاڵپشتی لە بەشێک لە هەوڵەکانیان دەکەین بۆئەوەی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە یەکبخەینەوە. پێشکەوتنی زۆر گەورەمان بینیوە، پێشکەوتنەکانمان لەنێو فەرماندەی پشتیوانیی یەک و لەنێو یەکەکانی دیکەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بینیون، لەنێو یەکەی هێزەکانی 70ی سلێمانی و فەرماندەیی پشتیوانیی دوو کە بەنیازن بێن بۆ ئێرە، بۆیە جووڵەیەکی راستەقینە و پێشکەوتنی زۆر هەیە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە، لەنێویاندا هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە پێکهاتووە لە 16 لیوای یەکگرتووی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، 12 فەرماندەیی یەکەی 80ی پارتی و 28 لیوای یەکەی 70ی یەکێتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ