رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کۆبووەوە و رایگەیاند، نابێت ناکۆکیی سیاسی کاریگەری هەبێت لەسەر بەردەوامیی چاکسازییەکان و گوتی، پێویستە بە زووترین کات وەزیرێک بە وەکالەت بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەستنیشان بکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21-06-2023، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە دانا سترۆڵ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوەی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەکەدا "پرسی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە و چۆنییەتی بەردەوامبوونی هەماهەنگییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تاوتوێ کران."
جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا خواستی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیی هاوکاری و هاوپەیمانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر" دەربڕی و رۆڵی هێزی پێشمەرگەشی لە شەڕی دژی داعشدا بەرز نرخاند. ئەمە بەگوێرەی راگەیێندراوەکە.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هاوپەیمانی و هاوکاریی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ئەمریکا لە رابردوودا دەستکەوتی گەورەی لێکەوتووەتەوە و هیوای خواست لە داهاتووشدا ئەم هاوپەیمانییە بەهێزتر و پتەوتریش ببێت، "هەردوولاش هاوڕابوون کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر لە ناوچەکەدا پێویستە لە داهاتوودا هەماهەنگییەکان زیاتر بکرێن."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی پرۆسەی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگەدا کرا. وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، " وەفدەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا داوایانکرد پرۆسەکە خێراتر بکرێت، چونکە ئەمریکا خواستی ئەوەیە کە هاوکارییەکانی بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام بێت."
لەبارەی ئەو داوایەی شاندەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، قوباد تاڵەبانی گوتی، "ئێمە ئامادەین کە پرۆسەکە خێراتر بکرێت" و جەختیشی کردەوە کە نابێت ناکۆکیی سیاسی، کاریگەری هەبێت لەسەر بەردەوامیی چاکسازییەکان.
لەبارەی دانانی وەزیرێک بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، "پێویستە بە زووترین کات وەزیرێک بە وەکالەت بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەستنیشان بکرێت تا لەلایەکەوە سەرپەرشتیی وەزارەتەکە و پرۆسەی ریفۆرم لە هێزەکانی پێشمەرگەدا بکات و لەلایەکی دیکەشەوە ئەو لێکتێگەیشتنە جێبەجێ بکات کە پێشتر لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکادا ئیمزا کراوە."
ماوەی نۆ مانگ زیاترە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بەهۆی ناکۆکییە نێوخۆییەکانی یەکێتییەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە دەوام ناکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ