سەدان گوند بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر چۆڵدەکرێن

21-08-2022
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو-هەولێر 

شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە بووەتە هۆی چۆڵکردنی سەدان گوند لە سنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک. قایمقامی ئامێدی دەڵێت، تەنیا لە سنووری شارەکەی ئەو "195 گوند بەهۆی شەڕەوە چۆڵکراون."
 
رۆژی شەممە 20-8-2022، وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکەوە لە ساڵانی 1990ـەوە 195 گوند چۆڵکراون و چی دیکە دانیشتوانیان لەو گوندانەدا ناژین."
 
وارشین سەلمان گوتیشی، جگە لەو 195 گوندە، شەڕی تورکیا و پەکەکە کاریگەری زۆری هەبووە و وایکردووە ئاوەدانکردنەوەی ژمارەیەک لە گوندەکانی دیکەش پەکیبکەوێت.
 
گوندەکانی سەر بە قەزای ئاکرێش بە دوور نەبوون لە کاریگەرییەکانی ئەو شەڕە. مازن محەممەد، قایمقامی قەزای ئاکرێ رۆژی شەممە 20-8-2022 بە رووداوی راگەیاند: "لەوکاتەوەی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە هەیە، 25 گوند لە سنووری ئاکرێ چۆڵکراون. بەشێک لەو گوندانە پەکەکەیان تێدایە و دانیشتووانەکەیان بەهۆی ترسەوە لە هێرشی تورکیا بۆ سەر پەکەکە چۆڵیان کردووە."
 
بە گوتەی قایمقامی ئاکرێ، پێشتر چەند گوندێکی دیکەش چۆڵکرابوون، بەڵام دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە چوونە گوندەکان و ئاسایشی گوندەکانیان پاراست، دانیشتووانەکەیان گەڕانەوە.
 
موشیر بەشیر، قایمقامی قەزای زاخۆش لەبارەی کاریگەریی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکەوە گوتی، ئەو شەڕە بووەتە هۆی چۆڵكردنی 25 گوند بە تەواوی. 
 
سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی قەزای شێخانیش لەبارەی چۆڵبوونی گوندەکانی سنووری شارەکەیەوە بە رووداوی گوت: "10 گوند چۆڵکراون کە زۆرترینیان دەکەونە سنووری ئەترووش و قەسرۆک. لە چەند ساڵی رابردوودا دانیشتووانی ئەو گوندانە بۆ کشتوکاڵ سەردانی گووندەکانیان دەکرد، بەڵام چەندین جار لە لایەن پەکەکەوە رێگرییان لێکرا، بۆیە هیچ ئارامییەکیان نەما و بە تەواوی چۆڵکران." 
 
لە سنووری پارێزگای هەولێریش دەیان گوند چۆڵکراون. هەڵگورد نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رۆژی شەممە 20-8-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەو کاتەوەی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە هەیە، 183 گوند لە سنووری ئیدارەکەی چۆڵکراون. بە جۆرێک لە مێرگەسوور 65 گوند و لە سیدەکانیش 118 گوند چۆڵکراون."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک لەو گەنجە کوردانەی لە لیبیا گیریانخواردووە، وێنەکە تایبەتە بە رووداو

جارێکی دیکە گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی کورد لە لیبیا دواخرا

بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک، پرۆسەی گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرە کوردانەی لە لیبیا گیریانخواردووە، دواخرا؛ پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت، رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ناردنی فڕۆکەی تایبەت وەرگیراوە.