سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر: بەشێک لە کارەبای هەولێر بۆ دامەزراوەکانی حکومەت دەڕوات

21-08-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بۆ کێشەی کەمبوونەوەی کارەبا لە پارێزگاکە کۆدەبێتەوە و دوو لیژنەی ئەنجوومەنەکە راپۆرتی تایبەت بە بڕی پێدانی کارەبای نیشتمانی بەراورد بە شارەکانی دیکە و نرخی کارەبای پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی بە سیستەمی پریپەید پێشکێش دەکەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێریش دەڵێت: "ماوەیەکە بڕی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە دانیشتووانی هەولێر کەمبووەتەوە."
 
بڕیارە رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە، 23-8-2023، ئەنجوومەنی پارێزگاری هەولێر لەبارەی رەوشی کارەبا لە پارێزگاکە بەتایبەت شاری هەولێر کۆببێتەوە، لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا هاتووە هەردوو لیژنەکانی پیشەسازی و وزە لەگەڵ دەستپاکی دوو راپۆرت لەسەر ئەو بابەتە پێشکێشدەکەن، یەکێکیان لەبارەی بڕی پێدانی کارەبای نیشتمانییە لە شاری هەولێر بەبەراورد بە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، راپۆرتەکەی دیکەش پەیوەستە بە نرخی کارەبای پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بە سیستەمی پریپەید.
 
عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ماوەیەکە پێدانی کارەبای نیشتمانی لە شاری هەولێر کەمبووەتەوە، ئێمە پێمانوایە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە بەشێکی کارەبای هەولێر بۆ دامەزراوەکانی حکومەت دەڕوات و دەبێت حسابی ئەوە بکرێت بەشێکیان دامەزراوەی هەرێمین و لە کارەبای هەولێریان پێدەدرێت، بۆیە پشکی کارەبای هەولێر بەو بابەتە کاریگەر بووە و دەبێت ئەو دامەزراوانەی وەکو پەرلەمان، سەرۆکایەتی حکومەت، وەزارەتەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکان بەتایبەت کارەبایان پێبدرێت نەوەک لە پشکی پارێزگای هەولێر."
 
لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئەندازیار قارەمان مەولوود حەمەد، سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ئامادە دەبێت، لەبارەی ئامادەنەبوونی بەرپرسانی وەزارەتی کارەباوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گوتی: "داوای ئامادەبوونی سێ بەرپرسی وەزارەتی کارەبامان کردووە، ئیدی هەریەکە و پاساوێکیان بۆ ئامادەنەبوون هەیە، بۆیە هیچیان ئامادە نابن."
 
هەفتەی رابردوو، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەرهەمهێنانی کارەبا رۆژانە 3 هەزار و 200 مێگاواتە، لەکاتێکدا خواست لەسەری لەم وەرزەدا 5 هەزار و 500 مێگاواتە لە رۆژێکدا.
 
رۆژی پێنجشەممە، 27-7-2023، کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی وێستگەی کارەبای پردی حافیز لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چەند ژمارەیەکی لەسەر کەرتی کارەبا خستەڕوو و رایگەیاند، لەبارەی  پڕۆژەی بەستنی پێوەری زیرەکی کارەبا لە ساڵی 2020 بە ئامانجی رێگریکردن لە زیادەڕۆیی دەستیپێکردووە. لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 750 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن، بەگوتەی کەمال محەممەد 95٪ـی پڕۆسەی بەستنی پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشانی کارەبا تەواو کراوە کە تێچووی پڕۆژەکە بەگشتی 250 ملیۆن دۆلارە.
 
سەبارەت بە سیستەمی پریپەیدی کارەبا، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان گوتی: ''جێبەجێکردنی سیستمی پریپەید لە چەندین پڕۆژەی نیشتەجێبوون و چەندین شوێنی دیکە، ئەنجامێکی باشی هەبووە و لەو ماوەیەدا زیاتر لە 182 موەلیدە لە کار راگیراون و کارەبای 24 کاژێری بۆ ئەم شوێنانە دابینکراوە.''
 
ئەوە لەکاتێکدایە، سیستمەکە لە یەکە نیشتەجێبوونەکان ناڕەزایەتیی بەشێک لە دانیشتووانی لێکەوتووەتەوە و نرخی هەر کیلۆواتێک لە 18 دینارەوە بۆ 156 دینار بەرزبووەتەوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە