رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رەخنەی توندی ئاراستەی حکومەتی فیدراڵی عێراق کرد سەبارەت بە مامەڵەکردنی لەگەڵ دۆسیەی ئاوارەکان. وەزارەتەکە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی تۆمەتبار کرد بە هەوڵدان بۆ "گۆڕینی دیموگرافی" و رێگریکردن لە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردەوە، زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە، کە زۆرینەیان لە پێکهاتەی مەسیحی و کوردی ئێزدین، هێشتا لە 18 کەمپدا لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن. وەزارەتەکە دەڵێت، لەبری ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەیان، حکومەتی فیدراڵی هەوڵ دەدات ناچاریان بکات لە دەرەوەی ناوچە رەسەنەکانیان بمێننەوە، کە ئەمەی بە "پێشێلکارییەکی نادەستووری و دژ بە مافە سەرەتاییەکان" ناو بردووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم هەنگاوەی بەغدا پێچەوانەی دەستووری عێراق، بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە کۆچی ناوخۆیی، و یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانە کە جەخت لەسەر گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و سەلامەتی ئاوارەکان دەکەنەوە.
بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان داوای چەند هەنگاوێکی بەپەلە دەکات، لەوانە: راگرتنی بڕیارەکانی وەزیری کۆچ و کۆچبەران لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، دەستێوەردانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها پەلەکردن لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ