رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، یەکەمین کۆمپانیای بانکی نیشتمانیی کوردستان بەناوی بانکی نیشتمانەوە تۆمارکرا کە بانکێکی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و راستەوخۆ بە بانکی ناوەندیی عێراقەوە دەبەسترێتەوە. بەڕێوەبەری گشتی تۆماری کۆمپانیاکانیش دەڵێت، "بانکەکە لای ئێمە بە فەرمی بە سەرمایەی 250 ملیار دینار تۆمارکرا."
رۆژی پێنجشەممە، 21-9-2023، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، دوێنێ چوارشەممە، 20ـی ئەیلوول لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، یەکەمین کۆمپانیای بانکی نیشتمانیی کوردستان بەناوی (بانکی نیشتمان) تۆمار کرا.
سەبارەت بە بانکەکە، وەزارەتەکە دەڵێت، "بانکێکی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و راستەوخۆ بە بانکی ناوەندیی فیدراڵیی عێراقەوە دەبەسترێتەوە".
سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی ئەو بانکە و ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشکێشیان دەکات، وەزارەتەکە دەڵێت، "بە هەمان شێوەی بانکی ناوەندی دەبێت، لەوانەش بوونی سەکۆیەکی ئەلیکترۆنی بۆ ئاڵوگۆڕی دراوەکان کە بازرگانان و هاووڵاتیان دەتوانن لێی سوودمەند بن؛ راستەوخۆ مانگانە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران دەگوازرێتەوە ئەم بانکە و فەرمانبەران دەتوانن لە رێگەی ئەم بانکەوە مووچەکانیان بەدەست بگات؛ وەک بانکێکی فەرمی گشتگیری حکومەت، مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و جیاواز لە بانکە حکومییەکانی دیکە، خزمەتگوزارییەکانی لە بواری جیاوازی بانکیدا پێشکەش دەکات".
رێکارەکانی دامەزراندنی ئەو بانکە لە هەرێمی کوردستان تەواوبوون و ئەوەی ماوەتەوە هەندێک رێکارە لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق.
هاوکات، بڵند محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بانکەکە حکومییە و جیاوازە لە بانکەکانی دیکە. هاوشێوەی بانکەکانی دیکە نییە کە تەنیا کاری داگرتنی پارە بێت، بەڵکو زۆر ئاسانکاریی بانکیی جیهانی تێدایە. لە بابەتی بودجەی کوردستان، دابەشکردنی مووچە و ئاڵوگۆڕی دراودا تایبەتمەندی دەبێت. زۆرێک لە کارە داراییەکان رایی دەکات، واتە ئاسانکاریی زۆر بۆ گواستنەوەی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە عێراق دەکات". بڵند محەممەد گوتی، "بانکەکە بە بانکی ناوەندیی عێراقەوە دەبەسترێتەوە و زیاتر لە بانکەکانی دیکە جێگەی متمانەیە".
ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق لە کۆبوونەوەی 5ی حوزەیرانیدا بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری، داوایکرد پەلە لە دامەزراندنی بانکی نیشتمانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت.
شوباتی ساڵی 2022، مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاری دامەزراندنی بانکی نیشتمان به گوژمهی 250 ملیار دینار دراوە؛ ههروهها 25 ملیار دیناری كاش له ههژمارێكی تایبهت بهو بانكه له بانكی ناوهندیی عێراقی دانراوە.
دەبووایە له ساڵی 2021 بانکەکە دابمەزرایە، بهڵام بە گوتەی مەولوود سابیر، هۆكاری دواكهوتنی ئهوه بوو کە بانكی ناوهندیی عێراقی ههندێك مهرجی زیادكردووه، كه لە ههندێك لهو مهرجانه تایبهتمهندیی ههرێمی كوردستانی رەچاو نهكردووه.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ