رووداو دیجیتاڵ
لەماوەی رابردوودا لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان چەندین کاڵا و کەلوپەل و خۆراک بە قاچاخ هێنراوەتە هەرێمی کوردستان، پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕانیش دەڵێت، ئێستا دوایین کاڵای قاچاخ کە لە ئێرانەوە هێندراوەتە هەرێمی کوردستان سەروپێیە. گوتەبێژی دەروازەی پەروێزخانیش هەواڵەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و دەڵێت: بارە سەروپێکە هی کەسێکی عێراقی بووە.
عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردووتەوە "سەروپێ، دوایەمین کاڵای قاچاخ، کاڵا نەماوە ئەم بەرپرسانە بیری لێنەکەنەوە و بە قاچاخ نەیھێنن؛ لە ئۆتۆمبیلی مۆدیل کۆنەوە بۆ ھێلکە و فەرش و دووگ و جگەر و جگەرە. دوایین شتیش سەروپێیە."
ئەو پەرلەمانتارەی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژە بەوەش دەدات، کە ئەو سەروپێیەی بە قاچاخ دەهێندرێتە هەرێمی کوردستان لە ئێرانەوە هاوردەکراوە و لە دەروازەی پەروێزخان دەستی بەسەرداگیراوە.
بەگوتەی عەلی حەمەساڵح، سەبارەت بەو بڕە سەروپێیەی دەستی بەسەرداگیراوە دەڵێت "لەم رۆژانەدا بەڕادێک سەروپێی قاچاخ لە پەروێزخان گیراوە، ئیشەکە ئەوەندە عەیبە کەس لەڕووی نایەت خۆی بکاتە خاوەنی. بیرکەوە، یەکێک ئامادەبێت سەروپێی قاچاخ، کە کەس نازانێت ھی چی و ھی کەیە، بکاتە خواردنی خەڵک، دەست بۆچی نابات. دەک شەرمەراز بن."
عەباس ئیسماعیل، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 80 بارهەڵگر ماددەی قاچاخ دەستیان بەسەرداگیراوە کە لەنێویاندا بارێکی قاچاخی سەروپێی تێدابووە. هەروەها ئۆتۆمبێلی مۆدێل نزم و کەرەستەی بیناسازیش دەستی بەسەرداگیراوە.
گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان ئاماژە بەوەش دەدات، بەشێک لە بارەکان سزای یاسای دراون و بەشێکی دیکەیش لە بارەکان رەوانەی ئێران کراوە.
بەگوتەی عەباس ئیسماعیل، بارە سەروپێکە هی کەسێکی عێراقی بووە و بەنیازبووە بیبات بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
بێستوون عوسمان، پێشکێشکاری بووڵتنی رووداوی بەیانی بەدواداچوونێکی مەیدانی لەبارەی ئەو سەروپێیە قاچاخە کردووە و لەنێو بازاڕی سلێمانی لەگەڵ کاسبکاران قسەی کردووە، یەکێک لە کاسبکارەکان دەڵێت: جارێ هیچی وا نییە کە سەروپێی قاچاخ هەبێت، چونکە سەروپێی قاچاخ زۆر بەئاسانی لە سەروپێی خۆمانە جیادەکرێتەوە.
یەکێکی دیکە لە دووکاندارەکان دەڵێت، سەروپێی خۆماڵی لە بازاڕەکانی سلێمانی هەیە و پێداویستی ناوخۆ پڕدەکاتەوە. ئەوەی کە دەگوترێت لەبارەی ئەوەی کە بە قاچاخ هاتبێت، دوورە لە راستییەوە و ئەوەی ئێمە هەمانە هەمووی خۆماڵییە.
دڵشاد یەکێکی دیکەیە لە دووکاندارەکان و ئاماژە بەوە دەدات، تاوەکو ئێستا سەروپێی قاچاخ لە سلێمانی نەبووە. بەڵام هەندێک کەس هەیە هاوینان دەیخاتە نێو ساردکەرەوە و لە زستاندا دەیفرۆشن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ