رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسیی کوردستان رایگەیاند، هەسارەکانی موشتەری و زوحەل چوونە سەر یەک خاڵ و بەوەش دیاریدەی پێکگەیشتی مەزنی دوو هەسارە لە ئاسمانی هەرێمی کوردستاندا بینرا.
ئەژی چەتۆ، سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسیی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ هەرێم عومەر کاکل، جێگری سەرۆکی رێکخراوەکە، ئێوارەی ئەمڕۆ دیاریدەی پێکگەیشتی مەزنی هەردوو هەسارەی موشتەری و زوحەلمان لە رۆژهەڵاتی شاری هەولێر و نزیک بە دەربەندی گۆمەسپان تۆمار کردووە کە 400 ساڵ پێش ئێستا روویداوە."
ئەژی چەتۆ ئاماژەی بەوە دا، هەردوو هەسارەکە لەپێش چاوی ئەواندا لەسەر یەک خاڵ کۆبوونەتەوە، ئەگەرنا 800 ملیۆن کیلۆمەتر لێکدییەوە دوورن و، دەڵێت: "چاوی ئێمە وا هەست دەکات لێکەوە نزیکن، بەواتایەکی دیکە گۆشەی بینین وا هەست دەکات لێکدییەوە نزیکن. هیچ کاریگەریەکی نەرێنیی نییە."
هەروەها ئەژی چەتۆ، باسیشی لەوە کرد، ئەو دیاریدەیە تاوەکو ساڵی 2080 دووبارە نابێتەوە، هەموو رێکخراو و دامەزراوە فەلەکناسییەکان سەرساقڵ بوون وێنەی دیاریدەکە بگرن و، لە هەرێمی کوردستان کەشوهەواکە بۆ کارەکە لەبار بووە.
هەسارەکانی موشتەری و زوحەل گەورەترین دوو هەسارەی کۆمەڵەی خۆرن. موشتەری 113 جار لە گۆی زەوی گەورەترە و زوحەلیش 900 جار لە زەوی گەورەترە.
سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسیی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، رێکخراوەکەیان بەهۆی لێکەوتەکانی کۆرۆناوە ئەو چالاکییەیان سنووردار کردووە و، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و لە دەرەوەی شار کاری ڤیدیۆ و وێنەگرتنی دیاردە سرووشتییەکەیان تۆمار کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ