کێ دەتوانێت پۆستی پارێزگاری کەرکووک بەدەستبهێنێت؟

21-12-2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و جیاکردنەوەی بەشێکی زۆری دەنگەکان، چاوی لایەنە کوردستانییەکان لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە، رووداو لە بەدواداچوونێکدا شێوازی دیاریکردنی پارێزگاری کەرکووک و پارێزگاکانی دیکە ئاشکرادەکات.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 16 ئەندامن، دەبێت نۆ ئەندام لەو 16 یە دەنگبدات بە بەربژێری پارێزگار.
 
هەر لایەنێک توانی کورسییەکانی بگەیێنێتە 9 کورسی، دەتوانێت کەسێک بۆ پۆستی پارێزگار دەستنیشان بکات، بەڵام کارەکە هەر بەوەندە تەواو نابێت، بەڵکو دەبێت پێکهاتەکانیش رازی بکات بە بەربژێرەکەی.
 
ئەگەر لایەنە  کوردستانییەکان توانیان بە هاوپەیمانێتیی نۆ کورسیان لە ئەنجوومەن هەبێت، دەتواننن کەسێک بەربژێر بکەن بۆ بوون بە پارێزگار، بەڵام دەبێت لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکانیش رازیبن، ئەگەر رازی نەبن و کوردیش هەر بیەوێت ئەو بەربژێرەی ببێتە پارێزگار، ئەوا دیسان چەکی لایەنەکان دادگەی فیدراڵی دەبێت و کورد دەبێت بەربژێرەکەی بگۆڕێت بۆ کەسێک کە کۆدەنگیی هەموو پێکهاتەکانی لەسەربێت. 
 
لایەنە کوردستانییەکان دەتوانن کارتی دادگەی فیدراڵی دژی یەکدی بەکاربهێنن؟ 
 
لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاردا ئەگەر لایەنێکی کوردی بەربژێر دیاری بکات، بەڵام لایەنێکی دیکەی کوردی ناڕازی بێت، ناتوانێت لە دادگە سکاڵا بکات، چونکە مافی تۆمارکردنی سکاڵا تەنیا بۆ پێکهاتەکانە.
 
هەرکاتێکیش لایەنێک پارێزگاری بەرکەوت، دەبێت سەرۆکی ئەنجوومەن و قایمقام و پۆستەکانی دیکە بە دادپەروەری بەسەر پێکهاتەکانی دیکەدا دابەشبکرێت.
 
"پارێزگاری کەرکووک مەرج نییە ئەندامی ئەنجوومەن بێت" 
 
ئەو کەسەی دەبێتە پارێزگاری کەرکوک، مەرج نییە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا بێت، هەر کەسێک خەڵکی کەرکوک بێت و مەرجەکانی بوون بە پارێزگار بیگرێتەوە، دەتوانێت سیڤی پێشکێش بە ئەنجوومەنی پارێزگا بکات بۆ خۆ بەربژێرکردن بۆ ئەو پۆستە. 
 
لێرەدا دەردەکەوێت کە زۆری ژمارەی کورسییەکان مانای ئەوەنییە پارێزگار بۆ ئەو لایەنە دەبێت، بەڵکو ئەو لایەنە دەتوانێت پارێزگار دابنێت کە دەتوانێت هەموو پێکهاتەکان کۆبکاتەوە و رازییان بکات.
 
یەکەمجاربوو لەدواى ساڵى 2013ـەوە، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە 14 پارێزگاى عێراق کرا؛ یەکەمجاریش بوو لەدواى ساڵى 2005 هەمان هەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە 15 کورسی و کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە، کورد تێیدا بە پێنج لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردنی کرد؛ یەکێتی و حیزبی شیوعی کوردستان بە هاوپەیمانیی "کەرکووک هێز و ئیرادەمانە" بە ژمارە 142؛ پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 197؛ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری بە هاوپەیمانیی مەشخەڵی کەرکووک بە لیستی ژمارە 163؛ پارتی سوسیالیست دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 202 و جووڵانەی نەوەی نوێ بە لیستی ژمارە 167 بەشداربوون. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.