رووداو -دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تانەی مەلا بەختیاری بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رەتکردەوە و رایگەیاند، بەهۆی نەبوونی مەرجە یاساییەکان لە لیستی بەربژێرە پەسندکراوەکان دوورخراوەتەوە؛ جەختیش دەکاتەوە کە "بڕیارەکە کۆتاییە و هەموو دەسەڵاتەکان پابەند دەکات."
بەگوێرەی دەقی بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی کە رۆژی 19-01-2026 دەرچووە، مەلا بەختیار تانەی لە بڕیارێکی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق گرتبوو، کە ناوی لە لیستی بەربژێرە پەسندکراوەکان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لادرابوو. دادگەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە تانەکە لە رووی کاتەوە (لە ماوەی سێ رۆژدا) پێشکێشکراوە، بەڵام لە رووی ناوەڕۆکەوە شایستەی رەتکردنەوەیە.
هۆکاری دوورخستنەوەی مەلا بەختیار
دادگەی فیدراڵی لە روونکردنەوەکەیدا دوو هۆکاری سەرەکی بۆ دوورخستنەوەی ئەو بەربژێرە خستووەتەڕوو:
1- بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامە بەڵگەی پێویستی نەداوە تاوەکو رەچەڵەکی عێراقیی یەکێک لە دایک یان باوکی بسەلمێندرێت.
2- وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕوانامەی خوێندنی مەلا بەختیاری پەسند نەکردووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو بۆ ئەم پرسە، مەلا بەختیار کە لە تەمەنی منداڵیدا دایکی کۆچی دوایی کردووە، بەهۆی سیاسەتی دەرکردن و راگوێزانی کورد لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە لە سەدەی رابردوودا، نەتوانراوە ناسنامەی عێراقیی بۆ دایکی یان باوکی (بەپێی پێویستیی یاسایی) جێگیر بکرێت.
یاساکە چی دەڵێت؟
ئەم بڕیارەی دادگەی فیدراڵی پاڵپشتە بە ماددەی (یەکەم) لە یاسای بەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق (ژمارە 8ی ساڵی 2012)، کە تێیدا مەرج کراوە بەربژێر:
دەبێت عێراقی بێت و لە دایک و باوکێکی عێراقی لەدایکبووبێت.
دەبێت بڕوانامەی زانکۆی بەرایی (بەکالۆریۆس)ی هەبێت کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دانپێدانراو بێت.
لە کۆتایی بڕیارەکەدا، دادگەی باڵای فیدراڵی بەکۆدەنگی تانەکەی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، ئەم بڕیارە "کۆتایی و پابەندکەرە" و هیچ رێگەیەکی دیکەی تانەگرتنی تێدا نەماوە.
مەلا بەختیار کێیە؟
- لە 20ی ئابی ساڵی 1954 لە خانەقین لەدایكبووە.
- لە 10-06-1970 پەیوەندی بە كۆمەڵەی (ماركسی - لینینی)یەوە کردووە.
- لە ساڵی 1974 پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە.
- لە ساڵی 1975 بە فەرمانی سەركردایەتی كۆمەڵەی (ماركسی - لینینی) دەگەڕێتەوە بۆ شاری خانەقین.
- یەكێك بووە لەوانەی ناوی لە لیستی داواكراوانی حكومەتی عیراق بووە.
- لە ساڵی 1975 بووەتە ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان.
- لە ساڵی 1976 بووەتە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
- لە ساڵی 1978 بووەتە لێپرسراوی هەرێمی ناوچەی هەڵەبجە.
- لە ساڵی 1982 لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی یەکێتی بووە.
- لە ساڵی 1984 ئەندامی تیمی دانوستاناندكاری كوردی بووە لەگەڵ حکومەتی ئەو کاتی عێراق.
- لە ساڵی 1991 لە راپەڕین رۆڵی هەبووە.
- لە ساڵی 1992 بەشداری كۆنگرەی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكانی عێراقی كردووە لە ڤیەننا.
- لە ساڵی 1993 بووەتە لێپرسراوی مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكانی یەکێتی.
- لە ساڵی 1995 بووەتە سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان.
- لە ساڵی 1995 بووەتە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان.
- لە ساڵی 2001 بووەتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی.
- لە ساڵی 2009 بووەتە ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەکێتی.
- لە ساڵی 2010 بووەتە لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەکێتی.
- جگە لە کاری سیاسیی، نووسەری چەندین کتێب و نامیلەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ