کوردستان
سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە تۆم باراک، مەزڵووم عەبدی و محەممەد ئیسماعیل کرد و لەسەر پرسی رۆژئاوا کۆبوونەوە.
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەنێوان تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەڕێوەبچێت.
بەپێی زانیارییەکان، تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخان دەکرێت بۆ تاوتوێکردنی دواین پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکانی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا.
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت سیاسەتە نوێیەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە سووریا، کاریگەرییان لەسەر ئاییندەی ناوچەکە دەبێت.
تۆم باراک کە وەک دۆستێکی نزیکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەناسرێت، دەورێکی بەرچاوی لە پەیوەندییەکانی واشنتن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا هەیە. چاودێران پێیانوایە ئەم کۆبوونەوەیەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی لە هەولێر، ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەیەوێت لە نزیکەوە لە بارودۆخی ناوچەکە بکۆڵێتەوە و رەنگە هەوڵێک بێت بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ پاراستنی سەقامگیری لە رۆژئاوای کوردستان.
هەڵبژاردنی هەولێر بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە، جارێکی دیکە پێگەی هەرێمی کوردستان وەک ناوەندێکی گرنگی دیپلۆماسی و نێوەندگیری لە ناوچەکەدا نیشان دەدات. سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵیان داوە کەشێکی گونجاو بۆ لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنە کوردییەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکان بڕەخسێنن.
رۆژی شەممە سەرۆک مەسعود بارزانی میوانداریی کۆبوونەوەیەکی فراوانی نێوان نێردەی ئەمریکا، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و سەرۆکی ئەنەکەسەی لە پیرمام کرد. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە دیالۆگ و رێگریکردن لە تووندوتیژی لە سووریا کرایەوە.
لە کۆبوونەوەکەی رۆژی شەممەدا تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا؛ کێڤن لامبارت، فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا؛ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بەشدار بوون. هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوو.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا وردەکاری زیاتری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بە فەرمی رانەگەیێندراوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت ئەنجامەکانی ئەم دیدارە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر ئاراستەی رووداوەکانی داهاتوو لە رۆژئاوای کوردستان هەبێت.
کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی تۆم باراک و عەبدی، دووەم کۆبوونەوەیانە لەم هەفتەیەدا، دووشەممەی رابردوو لە دیمەشق بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای سووریا کۆبوونەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر رێککەوتنێک بکەن لەبارەی چارەنووسی هەسەدە و ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان، بەڵام بە گوتەی بەرپرسانی هەسەدە لە کۆبوونەوەکە نە گەیشتنە هیچ رێککەوتنێک
دوای هێرشەکانی سوپای سووریای عەرەبی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، رۆژی سێشەممە وەزارەتی بەرگریی سووریا ئاگربەستێکی چوار رۆژەی راگەیاند، بەڵام هەر یەکە لە سووپا و هێزەکانی سووریای دیموکرات، یەکدی بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ