رووداو دیجیتاڵ
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە گرنگییەوە باس لە سەردانی شاندەکەی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەکانی دەکات و دەڵێت، زانیاری پێویستی لەبارەی داهاتی نەوت و نانەوتی خستەبەردەم پەرلەمان و زانیاریشی لەبارەی ژمارەی بیرە نەوتەکانی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی نەوت، فرۆشی نەوت، ژمارەی فەرمانبەران و خانەنشینا و زیندانیانی سیاسی و زۆر بابەتی دیکە بە لایەنی پەیوەندیدار راگەیاند.
لەبارەی ئەنجامی دانوستاندنەکان، ئەحمەد سەفار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەولێر و بەغدا گەیشتوونەتە رێککەوتنی راستەقینە و ئەوەش دەبێتە هۆکارێک بۆئەوەی لەگەڵ جێبەجێکردنی، ئیدی مووچە بێ لێبڕین دابەشبکرێت و بەشێک پارەش بۆ وەبەرهێنان بمێنێتەوە.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی گفتوگۆی رۆژنامەنووسی رادیۆی رووداو ئاماژەی بەوەشکرد، گەندەڵییەکی زۆر لە عێراق هەیە و گوتی، ماوەیەک لەمەوبەر بەدواداچوونیک کرا و دەرکەوت کە نزیکەی 250-300 هەزار بندیوار هەن کە دوو مووچە و سێ مووچە و تاوەکو 9 مووچە وەردەگرن.
رووداو: دوایین ئەنجامی گفتوگۆکانی دانوستاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق گەیشتوونەتە چ داڕشتنێک؟
ئەحمەد سەفار: ئەم بودجەیەی عێراق تەقریبەن زەحمەتترین بودجەیە لە مێژووی عێراقدا، چونکە لەکاتێکدایە کە قەیرانی دارایی لە سەرانسەری جیهان و عێراقدا هەیە و قەیرانێکی تەندروستیش هەیە. بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختە، هەموو لایەنە سیاسییەکان دۆخەکە لە بەرژەوەندیی خۆیان وەکو ریکلامێکی سیاسی بەکاردەهێنن، بەتایبەتیش پارێزگاکانی ناوەند و باشووری عێراق. ئەوان دەزانن کە خزمەتگوزاری چەندە کەمە و گەندەڵیش زۆر زۆرە؛ پەرلەمانتاری ئەوان خزمەتێکی وەهای نەکردووە، ئەو پارتەش کە لە دەسەڵاتدایە هیچی بۆ ئەوان نەکردووە. هەربۆیە ئێستا کە بەر لە هەڵبژاردنە، دەیانەوێ بودجە بۆخۆیان بکەنە رێکلامێک. لەبەرئەوەیە مزایەدەی زۆر دەکرێت. کاتێک لەگەڵ هەر لایەنێکیان کۆدەبینەوە، هەڵوێستی ئەرینی هەیە و دەڵێت کوردستان بەشێکی عێراقە و کورد برای ئێمەیە. ئەوان دەڵێن ناکرێت بودجە بێ بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان تێپەڕێندرێت و فەرمانبەری هەرێمی کوردستان فەرمانبەری عێراقن و ناکرێ بێبەش بکرێن، بەڵام کاتێک دەچنە بەرامبەر راگەیاندنەکان شتێکی دیکە دەڵێن. بەڕاستی ئەو دوو هەڵوێستییەی ئەوان زەحمەتە. بەڕاستی جێگەی خۆشحاڵییە وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی چەندجار هاتووچۆی ماراسۆنییان ئەنجامدا و زەحمەتیان کێشا، ئێمە لەگەڵیان بووین. ئەوان زۆر بە شەفافی و راشکاوی نەخشەیەکی گشتگیری تایبەتیان لەبارەی داهاتی نەوتی و نانەوتی خستە بەردەم پەرلەمان، لیژنەی دارایی و لایەنە سیاسییەکان. ئەوان زانیارییان لەبارەی ژمارەی بیرە نەوتەکانی کوردستان و بەرهەمی نەوت و خەرجی و فرۆش و راپۆرتەکانی و ژمارەی فەرمانبەران و خانەنشینان و زیندانییانی سیاسی و زۆر شتی دیکەی راگەیاند. شاندەکە ئەمەیان بە شێوەیەکی شەفاف هێنابوو بۆئەوەی چارەسەرێکی جیددی بدۆزرێتەوە. من ئەوە 52 رۆژە لێرەم، هەر بە غدام و نەگەڕاومەتەوە، نەوەک شتێک تێپەڕبێت و لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نەبێت. 3 خاڵ ماوە، یەکەم بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان.
دووەم، شیعە لە نێو خۆیاندا ناکۆکن لەسەر دابەشکردنی خەرجییەکانی سەر پارێزگاکانی عێراق، چونکە لەوێشدا جیاکاری هەیە.
سێیەمیش بابەتی دامەزراندن و پلەی وەزیفییە، کە ئێستا نزیکەی 8 ملیۆن مووچەخۆر لە عێراقدا هەیە. ئێستاش دەیانەوێ ژمارەیەکی زۆری خەڵک دابمەزرێنن کە بودجە بەرگەی ناگرێت، چونکە زیاتر لە 8٪ی بودجەی عێراق بۆ بەکاربەری (تەشغیلی) دەچێت کە ئەمە مەترسییە. لەبارەی دانوستاندنی بەغدا و هەرێمی کوردستان، گەیشتووینەتە رێککەوتنێکی راستەقینە، بەڵام با بزانین داڕشتنەوەکەی چۆن دەبێت. پێشتر بۆچوونی لایەنی شیعی جیاواز بوو؛ کوتلەی سائیروون نەرمیی نواند، بەڵام حیکمە و دەوڵەتی یاسا تووند بوون و قبووڵیان نەکرد، گوتیان دەبێت داهات و دۆسیەکانی نەوت بدرێنەوە بەغدا و ئەو ئیدارەی بدات.
لەکاتێکدا ئەمە رێگەی تێناچێت، چونکە ئێمەی پەرلەمانتارانی کورد پابەندی دەقێکی حکومین. لێرەدا دەقێکی رێککەوتن لە نێوان هەردوو شاندی حکومەتدا هەیە، کاری پەرلەمان پەسندکردن و کەمکردنەوە و گواستنەوەیە. کاری پەرلەمان ئەوە نییە دەستوەربداتە رێککەوتنەکە. شاندی هەرێمی کوردستان بە نزیککراوەیی گەیشتوونەتە کۆتایی، نزیکن لەوەی بابەتەکە چارەسەر بێت، شیعەش چەند جارێک لەگەڵیان دانیشتن. راستە رانەگەیێندراوە، بەڵام ئەو پەرلەمانتارانەی لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبوون باس لەوە دەکەن کە رێککەوتن لە بابەتی نەوتدا هەیە. رێککەوتنەکە باسی ژمارەی بەرمیل و داهات ناکات، بەڵام ئەو نەوتەی لە هەرێم دەردەچێت، دوای خەرجی رادەستی سۆمۆ بکرێت. جا دەقی حکومیش هەر ئەمە دەڵێ و ئاماژە بەوە دەکات 250 هەزار بەرمیل رادەست بکەن... ئێمە دووجار میوانداریی وەزیری نەوتی فیدراڵییمان کرد. ئەو گوتی، بەپێی راپۆرتی بەردەستمان بەرهەمهێنانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە تێکڕایی بۆ رۆژێک 460 هەزار بەرمیلە. 30 هەزار بەکارهێنانی ناوخۆیی، 180 هەزار خەرجیی کۆمپانیاکان، ئەوەی دەمێنێتەوە 250 هەزارە کە رادەستدەکرێت. تەنیا داڕشتن دەمینێت کە چۆن رێککەوتنی نەوت سازبدەن.
رووداو: دوای جەیهان، سۆمۆ دەتوانێت بە نرخێکی باشتر لە هەرێمی کوردستان نەوتەکە بفرۆشێت، بەتایبەتی کاتێک کۆمپانیاکە ریسکی درانە دادگای لە عێراق نییە؟
ئەحمەد سەفار: بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ بەڕێز حەلال یاسری ئامادەبوو و بە ئێمەی گوت، ئامادەین وەریبگرین و بیفرۆشین، چونکە سۆمۆ بە 10-11 دۆلار گرانتر دەیفرۆشێت. ئەمە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ ئەوانیش باشترە، چونکە هەر پارەیەک بێت، دەچێتە سەر داهاتی حکومەتی ناوەندی کە بەمە رێژەی بودجەی هەرێمیش بەرزتر دەبێتەوە.
رووداو: بۆچی دەتوانێ نەوتەکە بە گرانتر بفرۆشێت؟
ئەحمەد سەفار: سۆمۆ دەتوانێت گرانتر بیفرۆشێت چونکە عێراق دەوڵەتە و مافی فرۆشتنی هەیە، بەڵام هەرێمی کوردستان مافێکی وەهای نییە و گرێبەستەکانیشی وەکو گرێبەستی عێراق فەرمی نین. هەر بۆیە بە نرخێکی هەرزانتر دەفرۆشرێت.
رووداو: ئایا لایەنی عێراقە دەیانەوێ چەند راژەی دیکە دابمەزرێنن؟
ئەحمەد سەفار: ویست لەسەر دامەزراندنی هەزاران کەس هەیە کە ناژمێردرێن، ئەوان مامۆستای وانەبێژ، گرێبەستەکان، گرێبەستەکانی تایبەت بە حەشدی شەعبی و پلە و راژەی دیکەی وەزیفی کە دەکرێت هەیە ملیۆنان بن، نەک هەزاران. بەڕاستی ئێستا لیژنەی دارایی بەرامبەر لێشاوێکی دامەزراندنە.
رووداو: لەو دامەزراندنەدا هیچ پشکێک بە هەرێمی کوردستان نادەن بۆئەوەی هەرێمی کوردستانیش فەرمانبەری دیکە دابمەزرێنێت؟
ئەحمەد سەفار: لەبارەی دامەزراندن بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوە بەشە بودجەی خۆی هەیە.
رووداو: هەمیشە بە هەرێمی کوردستان دەڵێن فەرمانبەرانتان زۆرن، خانەنشینانتان زۆرن، ئەم بودجەیە نادەین، ژمارەی ئێوە دروست نییە، لەکاتێکدا ژمارەی عێراق 8 ملیۆنە و لە کاتێکی دیاریکراودا لە کەمتر لە ملیۆنێک بووە 8 ملیۆن.
ئەحمەد سەفار: لەڕاستیدا لای ئەوانیش بندیوار زۆرە. ماوەیەک لەمەوبەر بەدواداچوونیک کرا و دەرکەوت کە نزیکەی 250-300 هەزار بندیوار هەن کە دوو مووچە و سێ مووچە و تاوەکو 9 مووچە وەردەگرن. ئێمەش ئەم دیاردەیەمان لە کوردستان هەیە، جا کەی ئەمە گوترا؟ ئەوکاتەی بەشێک لە پەرلەمانتاران داوایانکرد فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ مووچەی خۆیان لە بەغدا وەربگرن. ئەوکاتە گوتیان ئەو ژمارەیە کە ملیۆنێک و 251 هەزار زۆرە و ناتوانین بیدەین. جا بەپێی یاسای بودجە حکومەتی ناوەندی پەیوەندیی بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە نییە، تەنیا چەند دامەزراوەیەکی وەکو جنسیە، جەوازات و سنوورەکان کە ئەوانە سەر بە بەغدان. بەڵام ئەوانەی دیکە لە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدان.
رووداو: دەگوترێ لە ئەگەری رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق بە تەخمین مانگانە بڕی تریلیۆنێک دینار بۆ هەرێمی کوردستان دێت. ئەمە راستە؟
ئەحمەد سەفار: لە ئەگەری رێککەوتندا بەشە بودجەی مانگانە وەها دەبێت؛ خەرجی گشتی هەیە، جا خەرجی سیادی لێدەبڕن، ئەوەی دەمێنێتەوە خەرجی فیعلییە و 12.67٪ دەنێردرێتە هەرێمی کوردستان. جا هەرچەند خەرجی سیادی کەم بێت و خەرجی گشتی زیاد بێت، بەشە بودجەی ئێمە زیاتر دەبێت... ئێمە بودجەمان زیاد نەکردووە، بەڵکو کەممان کردووەتەوە. پێشتر 164 تریلیۆن بوو ئێستا 129 تریلیۆنە. بەشی حاکیمە کە سووتەمەنی، بەشەخۆراک و دەرمان لەخۆدەگرێت ئەوە جێگیرە و بۆ هەرێمی کوردستان دێت.
رووداو: هەمیشە پرسیاری ئەوە دەکرێت، جگە لە پرۆژەی وەبەرهینان لە ئەگەری هاتنی پارە، لەگەڵ نیوەی داهاتی نێوخۆیی دەکرێ مووچە بە بێ لێبڕین دابەش بکرێت؟
ئەحمەد سەفار: بەڕای من لەگەڵ هاتنی پارە و داهاتی نێوخۆیی مووچە بێ لێبڕین دەدرێت و بەشێکیش بۆ وەبەرهێنان دەمێنێتەوە. بێگومان لێرەشدا لە بەشە بودجە چەند بڕگەیەک هەن کە بەشی هەرێمیشیان تێدایە، ئەمە جگە لە بەشە بودجەی تایبەت.
رووداو: پێشتریش رێککەوتن هەبوو، بەڵام عێراق نەینارد. ئێستا دەگوترێت کێ دەڵێ عێراق پابەند دەبێت؟
لە دەقەکەدا بڕگەیەک زیادکرا کە ئەوەی پابەند نەبێت دووچاری رێکاری یاسایی دەبێتەوە. واتا چ حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستانیش دەبێت پابەند بن. هەر لایەنێک ناپابەندی بکات، ئەو دەقە جێبەجێنابێت. ئەو پارەیەی حکومەتی عێراق بۆ هەرێم دەینێرێت، خەرجی فیعلییە و مانگانە دەچێت، هەرچۆنێک بێت. ئێمە ئەمەمان مسۆگەر کردووە، تەنیا دەبێت هەرێمی کوردستان پابەند بێت.
رووداو: ئێوە هیچ رەخنەیەکتان لەبارەی پارەی تەرخانکراوی عێراق بۆ دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت هەبووە؟
ئێمە داوامان لە سەرۆکایەتیی وەزیران و لایەنی پەیوەندیدار کردووە چاوپیاخشاندنەوە بە تەواوی گرێبەستەکانی کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت بکات. وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ پێویستە چاوپێداخشاندنەوە بۆ هەرێمی کوردستانیش بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ