رووداو دیجیتاڵ
بارینی بەفر و بارانی زۆر لە ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە وایکردووە گەشتیاری زۆر لە ناوچەکانی عێراقەوە رووبکەنە سنوورەکە.
بەفر و بارانی زۆری ئەمساڵ ئەو کانی و کارێزانەی هەڵەبجەی بووژاندووەتەوە کە پێشتر بەهۆی کەمی باران وشک ببوون، بۆیە گەشتیارەکان خۆشحاڵن بە بینینی دیمەنی بەفری ناوچەکە و ئاوی ساردی رووبار، کانی و تاڤگەکان.
ئەمیر حەسەن، بەرپرسی گرووپێکی گەشتیارییە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە خودا ئەم کەشەی ئەمساڵ زۆر خۆشە، زۆربوونی باران و بەفر ژمارەی گەشتیارەکانی لە کوردستان زیاتر کردووە، کەشەکە خۆشە نە ساردە و نە گەرمە، زۆر سرووشتییە."
دیارترین سەیرانگەکانی پارێزگای هەڵەبجە بریتین لە؛ زەڵم، بیارە و ئاوێسەر، بەڵام لەپاڵ ئەو سەیرانگانە دەیان شوێنی گەشتیاری و هاوینەهەواری دیکە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە هەن، کە ساڵانە سەرنجی دەیان هەزار گەشتیار رادەکێشن.
رەنا ئیبراهیم، گەشتیارێکی عێراقییە و باسی لەوە کرد: "بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ بەفر و بارانی زۆر باری، ئەوە گەشتیاری لە ناوچەکە زیاتر کردووە، بۆیە دەبینین خەڵکی لە هەموو ناوچەکانی عێراقەوە، لە هەموو پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق دێن بۆ ئێرە بۆ ئەوەی بەفر و تاڤگەکان ببینن."
کۆمپانیا گەشتیارییەکان هۆکاری هاتنی گەشتیاران بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لەم وەرزە بۆ کەشی بەهارانەی ئەو ناوچانە دەگەڕێننەوە.
فەزڵ مەحموود، بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی گەشتیارییە و ئاماژەی بەوە کرد: "ئەمساڵ خەڵکی زۆر دێن بۆ کوردستان، چونکە سەرەتا بەفر و باران زۆر بوو، ئێستاش ئێمە لە مانگی دوو داین کەچی دەڵێی بەهارە، واتە لە راستیدا کەشوهەوای بەهاری هەیە."
دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ساڵی رابردوودا رایگەیاند، لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 4 ملیۆن و 93 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، لەو ژمارە زیاتر لە یەک ملیۆن 375 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەیان کردووەکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ