رووداو دیجیتاڵ
لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە، هەرێمی کوردستان بە درۆن و مووشەک بۆردوومان دەکرێ. بە گوێرەی بەدواداچوونی رووداو، ژمارەی ئەو مووشەک و درۆنانەی ئاراستەی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کراون، 600 مووشەک و درۆنی تێپەڕاند.
بە گوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگەکەوە تاوەکو کاژێر 12:00ـی ئەمڕۆ، 3ـی نیسان، هەرێمی کوردستان بە 614 مووشەک و درۆن بۆردوومان کراوە، بەهۆیەوە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 93 کەسیش بریندار بوون.
هێرشەکان بە گوێرەی پارێزگاکان
- پارێزگای هەولێر: 484 درۆن و مووشەک
- پارێزگای سلێمانی: 103 درۆن و مووشەک
- پارێزگای دهۆک: 25 درۆن و مووشەک
- پارێزگای هەڵەبجە: 2 درۆن
نوێترین ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان:
- ئەمڕۆ هەینی، بەرپرسێکی باڵا و ئاگادار بە رووداوی گوت: "لە شەوی رابردووەوە تاوەکو بەیانی ئەمڕۆ، بە 25 درۆن هێرش کراوەتە سەر سنووری پارێزگای هەولێر، زۆرینەیان دژی سەنتەری هەولێر بووە".
هێرشەکان زۆربەیان دوای بەرەبەیان بوون، لەنێویاندا لە کاژێر 12:40ـی بەرەبەیان، 12:44ـی بەرەبەیان، 6:20 و 6:25ـی ئەم بەیانییە هێرش کراون.
هەروەها بەشێکی پاشماوەی درۆنەکانی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی هەولێر، زیانی مادییان بە هاونیشتمانییان گەیاند. لایەنە ئەمنییەکانیش هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەنجامی زیانە گیانییەکانی هێرشەکان بڵاونەکردووەتەوە.
یەکێک لە هێرشەکان کاژێر12:40ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ نزیک دۆڵی مەلەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر بوو.
سەرچاوەیەکی باڵا لە ناوچەکە بە رووداوی گوت: "روون نییە هێرشەکان درۆن یان مووشەک بوون، بەڵام ئەوەی هەیە سێ دانە بووە و زیانی گیانی نەبووە، پێش ئامانجەکەی لە ئاسمان تەقێندراونەتەوە".
- هەر شەوی رابردوو هێرشێک کرایە سەر سنووری قەزای هەریر لە پارێزگای هەولێر. لایەنی ئەمنی ناوچەکە هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ئەنجامەکەی بڵاونەکردووەتەوە.
قوربانیی هێرشەکان
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ئەنجامی هێرشەکان لە 28ی شوباتەوە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 93 کەسیش بریندار بوون.
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، شەشیان پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک بوون لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر شەهید بوون، یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر شەهید بوو، شەشیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون کە دووانیان لە هەولێر و دووانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە سنووری باشیک لە دەشتی نەینەوا شەهید بوون، هەروەها 12ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.
بە گوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 30ـی پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە و یەک پۆلیس هەن.
هەر لەنێو بریندارەکان 18 سڤیل هەن، یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ لە زاخۆ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادی لە کۆیە، سێ سڤیلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی لە کۆیە و یەک منداڵیش لە گەڕەکی قالاوە لە سلێمانی، هەروەها دوو هاونیشتمانی لە کەمپی جەژنیکانی سنووری هەولێر و چوار هاونیشتمانی لە گەڕەکێکی هەولێر بریندار بوون؛ هەروەها دوو قوتابی لە سنووری قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر بریندار بوون و 31ـی ئادار سێ مێردمنداڵی دیکە لە هەولێر بریندار بوون.
بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.
ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون
پارێزگای هەولێر
درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتوونەتە خوارەوە: دۆڵی مەلەکان، هەریر، کانی قرژاڵە، بالیسان، خەبات، ناحیەی رزگاری، سپیلک، مەلا قەرە، کارێزان، کەمپی زەوی سپی، کەمپی جەژنیکان، کانی قرژاڵە، دریم سیتی، کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، نووسەران، هەڤاڵان، کارێزان، گوندی کۆری، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، کەمپی ئازادی، چۆمان، سۆران و بارەگای یەکەکانی پێشمەرگە.
پارێزگای سلێمانی
سلێمانی، گردی ریعایە، مێرگەپان، قالاوە، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ و بارگەی یەکەکانی پێشمەرگە.
پارێزگاکانی دهۆک و هەڵەبجە
کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ، سنووری ئاکرێ، سنووری ناحیەی بجیل، سنووری قەزای بەردەڕەش و گەڕەکی ماڵتا لە شارەکە. هەروەها سێ درۆنی دیکە لە کێڵگەی نەوتی چەمانکێ کەوتنە خوارەوە و لە سنووری ئامێدیش 3 درۆن کەوتوونەتە خوارەوە.
هەروەها پارێزگای هەڵەبجە و چیای شنروێ لەو شوێنانە بوون کە لە یەک هێرشدا بە دوو درۆن بۆردوومان کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ