پارتی لەبارەی بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی: پێچەوانەی دەستوورە

22-02-2024
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ
 
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی کۆبووەوە. یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیی عێراق بوون.
 
پارتی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بە "پێچەوانەی رۆحی دەستوور و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و بنەماكانی فیدراڵی" ناوبرد و جەختی لەم چەند خاڵە کردەوە:
 
1. داكۆكیكردن لە مافی پێكهاتەكان و پشتیوانیكردنیان لە بەشداریی و هاوبەشییان لە دامەزراوە دەستوورییەكان.
 
2. پارتیمان پشتیوانیی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات تاوەكو لەگەڵ حكومەتی فیدراڵیی عێراق گفتوگۆكانی لەسەر شایستە داراییەكانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور، بەردەوام بێت.
 
3. بڕیاری پەیوەست بە یاسای ژمارە (1) ی سالی 1992ی هەڵبژاردن و گۆڕینی بەشێك لە بڕگەكانی، پێچەوانەی دەستوور و سروشتی لێكجیایی دەسەڵاتەكانە.
 
رۆژی چوارشەممە، 21-02-2024، دادگەی فیدراڵی عێراق لەبارەی یاسای هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاری دا کە 11 کورسیی کۆتای پێکهاتەکان کەمبکرێنەوە و گوتی، پەرلەمانی کوردستان لە 100 کورسی پێکدێت.
 
بڕیارەکانى دادگەى فیدراڵیى عێراق لە دژى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، وادەکات لیستى تاکە کەسی بەشداربێت لە هەڵبژاردن، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش کە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە، بەسەر چوار پارێزگا دابەش دەکرێن، دەنگدەریش بە کارتى بایۆمەترى دەنگ دەدات، بەڵام دیارنییە چارەنووسى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستان چى دەبێت. 
 
ئەو 11 کورسییەى کۆتاکان بە دوو قۆناخ زیادکراون، لە ساڵى 1992 بە بڕیارێکى ئەنجوومەنى باڵاى سیاسیى بەرەى کوردستانى پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان زیادکرا، دواتر لە هەموارى یاساى هەڵبژاردنى ساڵى 2009 پێنج کورسی بۆ تورکمان و کورسییەک بۆ ئەرمەنەکان زیادکرا. 
 
بڕیارێکى دیکەى دادگە لەبارەى بڕگەى یەکەمى مادەى شەشەمى دووبارەى یاساکەیە، دەستەواژەیەکى بە نادەستوورى زانیوە، کە دەڵێت: "کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان دەچێتە جێگەى دەستەى باڵاى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان بۆ سەرپەرشتیکردنى هەڵبژاردنى پەرلەمان، تاوەکو پێکهێنانى دەستەى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمى کوردستان"، لە برى ئەوە دەستەواژەیەکى دیکەى داناوە، کە ئاماژە بەوە دەکات کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان جێگەى دەستەى باڵاى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەگرێتەوە بۆ سەرپەرشتکردنى هەڵبژاردن.
 
بەگوێرەى نوێترین ئامارى دەزگاى ئامارى عێراق، کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتوون، بۆ ساڵى 2023، ژمارەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان شەش ملیۆن و سێ هەزار و 554 کەسە، پارێزگاى سلێمانى دوو ملیۆن و 320 هەزار و 434  کەسە، پارێزگاى هەولێر دوو ملیۆن و 97 هەزار و 205 کەسە، پارێزگاى دهۆک یەک ملیۆن و 461 هەزار و 457 کەسە، هەرچى پارێزگاى هەڵەبجەیە 124 هەزار و 458 کەسە.
 
بە دابەشکردنى ژمارەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان بەسەر 100 کورسیدا، هەر کورسییەک بەرامبەر بە 60 هەزار کەسە، بەوپێیە بە نزیکەیی پارێزگاى سلێمانى 39 کورسی بەردەکەوێت، هەولێر 35 کورسی بەردەکەوێت، دهۆک 24 کورسی و هەڵەبجە دوو کورسی بەردەکەوێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

   دیناری عێراقی جۆری 25 هەزاری.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: لیستی مووچەی مانگی 12 رادەستی بەغدا کرا

لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.