رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆ دەڵێت، هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران. ئاماژە بەوەش دەکات، هێشتا هەڕەشەی داعش و تیرۆریزم لە ناوچەکە بەردەوامە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 22-02-2026، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر، باسی لە سەردانەکەی 11ـی ئەم مانگە کرد بۆ ئەمریکا و رایگەیاند، ''سەردانێکی باش و سەرکەوتوومان هەبوو و لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی کە پێویست بوو، کۆبووینەوە.''
رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بە نێوەرۆکی کۆبوونەوەکانیش کرد و گوتی، ''جەخت لەوە کراوە کە بەشێکین لە هاوپەیمانیی دژی تیرۆر و ئەمریکاش پاڵپشتیی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.''
بەگوتەی وەزیری ناوخۆ، ئەمریکا وەک ''دۆستێکی نزیک و ستراتیژی'' لە ناوچەکە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات، ''ئێمەش پابەندیی خۆمان پیشان دا بۆ ئەو دۆستایەتییە و بەردەوامبوونمان لە شەڕی تیرۆر و تیرۆریزم.''
وەک رێبەر ئەحمەد دەڵێت، هێشتا داعش هەڕەشەیەکی بەهێزە لە ناوچەکە و پەرە بە ئایدیولۆژیای خۆی دەدات، ''لە دوای ئەو رووداوانەی کە لە سووریا روویاندا، داعش لەو وڵاتە و لە عێراق چالاکتر بووە.''
وەزیری ناوخۆ پێیوایە، پێویستە هەموو لایەنەکان بەردەوام بن لە هاوکاری و هاوئاهەنگی دژی داعش، ''بۆ ئەوەی تیرۆریزم بەشێوەیەکی گشتی لە ناوچەکە نەمێنێت.''
''لە گرژییەکانی ئەمریکا و ئێراندا بێلایەن دەبین''
لە بەشێکی قسەکانیدا رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن کرد و سەبارەت بە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان گوتی: ''ئێمە پێشتریش لە جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا کە ئەمریکاش بەشداری بوو، هەموو هەوڵێکمان دا عێراق بە شێوەیەکی گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی نەبنە بەشێک لەو جەنگە و بەردەوامیش دەبین لەسەر ئەو سیاسەتە.''
وەزیری ناوخۆی جەختی لەوەش کردەوە، ''هەرێمی کوردستان نابێتە سەرچاوەیەکی هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ