رووداو دیجیتاڵ
دوای سێ جار لە دواخستنی دادگاییەکەی و یەک جار بینینی دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگەی سلێمانی، ئەمڕۆ ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی نیشتمانی ئازاد کرا. پارێزەرەکەی دەڵێت، "رۆژی دادگایی نەبوو و نازانین چۆن ئازاد کراوە".
ئەحمەدی کوڕی ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی نیشتمانی، ئەمڕۆ یەكشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای ئەوەی پارێزەری باوکمیان ئاگادار کردبووەوە لە ئازادکردنی، ئێمەش چووین و دوای رێکارە کارگێڕییەکان ئازاد کرا".
بەکر حەمەسدیق، پارێزەری ئارام قادر، بە رووداوی گوت: "تەنیا لەوە ئاگادارم ئازادکراوە و قسەم لەگەڵ کردووە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک من و ماڵباتەکەشی نازانین چۆن ئازاد کراوە، بەگشتی پێدەچێ بە کەفالەت بێ، چونکە ئازادبوونی یەکجاری بڕیاری دادگەی دەوێت".
ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە 12ـی حوزەیرانی 2025 دەستگیرکرا.
ئارام قادر پێشتر لە بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پۆستی هەبووە، دواتر بووە سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی، تاوەکو ئۆکتۆبەری 2024 دەستی لەکارکێشایەوە.
پێش ئازادکردنەکەی، بەکر حەمەسدیق، پارێزەری ئارام بە رووداوی گوت: "ئارام قادر بە مادەی 1 لە یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003 تۆمەتبار کراوە کە تایبەتە بە کاری سیخوڕی. ئەگەر تۆمەتەکەی بەسەردا ساخبێتەوە، 5 بۆ 15 ساڵ زیندانی دەکرێت".
لەبارەی تۆمەتەکەوە، ئەحمەدی کوڕی ئارام قادر بە رووداوی گوت: "لەکاتێکدا برایە دادگە لەبەردەم دادوەردا باوكم تۆمەتەكانی رەتكردنەوە و گوتی شایانی قسەكردنیش نییە لەسەری".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ