کوردستان
دوو دیمەن لە بەرزکردنەوەی پۆستاڵ لەلایەن سەربازەکەی سوپای عێراق و دروستبوونی گرژی لە گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک. دیمەنەکان لە ڤیدیۆ وەرگریاون
رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکی نەورۆز لە کەرکووک، سەرەڕای ئەوەی سوپای عێراق هەڵیانکوتایە سەر خێزانێکی کورد و لە گەڕەکەکە دەریانکردن، سەربازێک سوکایەتی بە خەڵک کرد و پۆستاڵەکەی بەڕوویاندا بەرزکردەوە. هاوکات لە گەڕەکەکە گرژی و ئاڵۆزییش دروستبوو. پارێزگاری کەرکووک دەڵێت، "ڤیدیۆکانم بینیوە و لیژنەی لێکۆڵێنەوە دروستدەکەین."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی شوباتی 2026 سوپای عێراق لە کەرکووک هەڵیکوتایە سەر خێزانیکی کورد لە گەڕەکی نەورۆز و داوایان کرد ماڵەکەیان چۆڵ بکەن، خاوەنی خانووەکە بە رووداوی گوت، "پێیان گوتم، خانووەکە جێبهێڵم، بەڵام بە قسەم نەکردن و ئەوانیش هێرشیان کردەسەرم و لێیان دام."
سەربازێکی سوپای عێراق سوکایەتیی بە خەڵکی گەڕەکەکە کرد، پۆستاڵەکەی بەڕوویاندا بەرزکردەوە و بە ئاماژەکردن بۆ پۆستاڵەکانی بە زمانی عەرەبی بە خەڵکی گوت، "فەرموون."
ڤیدیۆی سوکایەتیی سەربازەکەی سوپای عێراق بە خەڵکی گەڕەکی نەورۆز لە کەرکووک لە رووداو بڵاوکرایەوە، لەنێو ڤیدیۆکەدا دەنگی کەسێک دێت، کە وەڵامی سەربازەکە دەداتەوە و پێی دەڵێت، "ئەوە رەوشتی تۆیە."
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک چووە نێو ئەو ماڵەی کە خێزانە کوردەکە تێیدا دەرکراون و گوتی، خێزانەکەی گەڕاندووەتەوە نێو ماڵەکەیان.
لەبارەی ئەو سوکایەتییەش کە سەربازێکی عێراقی بە خەڵکی گەڕەکەکەی کرد، پارێزگاری کەرکووک بە پەیامنێری رووداوی گوت، "ڤیدیۆکانم بینیوە. لە هەمان کاتدا خەڵکیش جنێوێکی زۆریان داوە. ئەفسەرەکەیان گوتی، بەردیان تێگرتووین. لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی سوپا قسەم کردووە و ئەوانەی خراپ مامەڵەیان کردووە، هەر ئەفسەرێک مامەڵەیەکی خراپی کردبێت، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکەین."
سوپای عێراق ئەو خانووانەی گەڕەکەکە بە موڵکی خۆی دەزانێت، لە کاتێکدا پێشووتر ئەو خانووانە خێزانی کوردی تێدابوون. کێشەی نێوان خاوەنی ئەو خانووانە و سوپا لە دادگەیە و تائێستا یەکلایی نەبووەتەوە.
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو دەڵێت، ژمارەیەک لە سەربازانی سوپای عێراقی رێگرییان لە پارێزگاری کەرکووک کردووە بچێتە نێو ئەو ماڵەی گەڕەکی نەورۆز کە خێزانە کوردەکەیان لێی دەرکرد، بەڵام پاسەوانەکانی قبووڵیان نەکردووە و گرژی دروستبووە. دواتر دۆخەکە ئارام بووەتەوە و پارێزگار چووەتە نێو ماڵەکە.
هاوکات لەنێو ئەو خانووەی گەڕەکی نەورۆز کە بنەماڵە کوردەکە لێی دەرکران، گرژی لەنێوان پاسەوانەکانی پارێزگاری کەرکووک و سەربازێکی سوپای عێراق دروستبوو و پەلاماری یەکدییان دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ