رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوێکی ئەمریکی هۆشداری دەدات لە ئۆپەراسیۆنێک، کە تورکیا بەنیازە بەهاری ئەم ساڵ بیکاتە سەر سنوورەکان، بەتایبەت لە چیای گارە و دەڵێت، مەترسی لەسەر ژیانی 190 خێزان لە 39 گوندی ئەو سنوورە هەیە. ئەندامێکی رێکخراوەکەش دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکە لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی و درۆن و هێلیکۆپتەرەوە دەکرێت.
رێکخراوی ئاشتیی جیهانیی ئەمریکی (CPT)، کە بایەخ بە پێشێلکارییەکانی سنووری هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە دەدات، لە راپۆرتێکدا بە ناونیشانی "قووفڵکردنی تەواوەتیی سەر سنوور: ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەهاری 2024ی سوپای تورکیا لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندا،" چەند زانیارییەکی لەسەر ئۆپەراسیۆنێکی چاوەڕوانکراوی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "لەدوای حەوت ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئاسمانی و خاکڕەویی سوپای تورکیا لە کانوونی یەکەمی 2017وە تاوەکو نیسانی 2022، تورکیا 86.2%ی سنووری نێوان عێراق و تورکیای بە قووڵایی پێنج بۆ 40 کیلۆمەتر داگیر کرد و، 64 بنکە و بارەگای سەربازیی لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا جێگیر کرد."
سەبارەت بە وردەکاریی ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکە، رێکخراوە ئەمریکییەکە دەڵێت، "لە ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەیدا، سوپای تورکیا چاوی بڕیوەتە سەر کۆنترۆڵکردنی زنجیرە چیای گارە، ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنەش قوفڵکردنی تەواوەتیی سنووری نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و تورکیا و کۆتاییهێنانە بە جموجۆڵی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە و قەڵاچۆکردنیانە بە درێژایی زنجیرە چیای گارە."
بەپێی راپۆرتەکەی ئەو رێکخراوە، ئێستا تورکیا لە قۆناخی ئامادەکاریی ئۆپەراسیۆنەکەدایە، لە قۆناخی ئامادەکاریشدا بە بۆردوومانی گوندەکانی دەوروبەری چیای گارە دەستیپێکردووە، زانیاریی وردتریش بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، "لە قۆناخی ئامادەکاری بۆ راگەیاندنی فەرمیی ئۆپەراسیۆنەکە، تورکیا بۆردوومانێکی زۆری کردووە، بە جۆرێک لە 70 رۆژی سەرەتای ساڵی 2024دا، سوپای تورکیا 141 بۆردوومانی لە پارێزگای دهۆکدا کردووە، لەو ژمارەیەش 75 بۆردوومان بۆ سەر گوندەکانی دەوروبەری چیای گارە بوون."
سەبارەت بە ئامانج لەو هێرش و بۆردوومانانەش، رێکخراوە ئەمریکییەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، "گوشار خستنەسەر گوندنشینانی دەوروبەری چیای گارە بووە، کە گوندەکانی خۆیان چۆڵ بکەن، بەمەش رێگەی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە و داگیرکردنی پانتاییەکی فراوانتری ناوچەکە خۆشتر و لەبارتر دەبێت."
بەهۆی ئەو بۆردوومانانەوە، بەپێی رێکخراوەکە، چوار هاووڵاتی کوژراون و یەکێکی دیکەش بە سەختی بریندار بووە.
رێکخراوەکە چیای گارەی بە ناوچەیەکی ستراتیژیی گرنگ ناوهێناوە، کە "بە شاڕێی جموجۆڵی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکەدا هەژمار دەکرێت و هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک بەیەکەوە دەبەستێتەوە." ئەوەش جگە لەوەی "ئەشکەوت و خەرەندەکانی ئەو زنجیرە چیایە بوونەتە پەناگەیەک بۆ راهێنان و خۆ حەشاردانی ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان."
بەپێی رێکخراوی ئاشتیی جیهانیی ئەمریکی (CPT)، چیای گارە 2251 مەتر لە ئاستی رووی دەریا بەرزە و بە درێژایی 38.9 کیلۆمەتر هەر چوار قەزای مێرگەسۆر، ئاکرێ، ئامێدی و زاخۆ بەیەکەوە دەبەستێتەوە. لە دامێن و قەدپاڵەکانی ئەو زنجیرە چیایەدا 94 گوند هەن؛ لەو ژمارەیە 55 گوندیان لە ساڵی 1996ـەوە بەهۆی بۆردوومان و لەشکرکێشییەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا بە تەواوی چۆڵ بوون و ئێستا تەنیا 39 گوندی ئاوەدان لە دەوروبەری چیاکەدا ماون.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)یی ئەمریکی، سەبارەت بەو ئۆپەراسیۆنە بە رووداوی گوت، "هێشتا ناوی ئۆپەراسیۆنەکە دیار نییە، بەڵام بەگشتی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قوفڵ دایە. بەپێی زانیارییەکان، تورکیا دەیەوێت سەرەتا بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومان بکات، دواتر بە درۆن چاودێریی ناوچەکە بکات بۆئەوەی لە رێگەی هێلیکۆپتەرەوە سەربازەکانی لەسەر چیاکە دابەزێنێت."
ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنەی تورکیا "کۆنترۆڵکردنی چیای گارە و لەنێوبردنی پەکەکەیە لەو شوێنە."
رێکخراوەکە هۆشدارییش دەدات لەوەی لەو ئۆپەراسیۆنەی تورکیا، مەترسیی ئاوارەبوونی 190 خێزانی گوندەکانی دەوروبەری چیای گارە هەیە و ئەگەری زیانگەیاندن بە هاووڵاتییانی ئەو سنوورەش هەیە.
رێکخراوی ئاشتیی جیهانیی ئەمریکی، لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، بۆ پاراستنی گیانی گوندنشینان و هاووڵاتییانی مەدەنیی نیشتەجێبووی دەوروبەری چیای گارە و تەواوی گوندەکانی سەر سنوور، دەستپێشخەرییان هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ