نێچیرڤان بارزانی و شاندی هەرێمی کوردستان گەیشتنە تاران

22-05-2024
کاتی گەیشتنی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری بۆ تاران و پێشوازیکردنیان
کاتی گەیشتنی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری بۆ تاران و پێشوازیکردنیان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان کە لە سەرۆکوەزیران، جێگرەکەی و جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێکهاتوون، گەیشتنە تاران بۆ بەشداری لە پرسەی ئیبراهیم رەئیسی و هاوەڵانی. 
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی رابردوو لەبارەی ئەندامانی شاندەکە رایگەیاند، لە هەریەک لە نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، مسته‌فا سه‌يد قادر، جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زيرى ناوخۆ پێكدێت.
 
هاوکات نەسروڵڵا رەشنوودی، کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر رایگەیاند، "لە هەرێمی کوردستان شاندێک بە سەرپەرشتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بەشدار دەبن، ئامادەکاری سەردانەکانیشیان رۆیشتوون."

 

 
شاندی وڵاتانی جیهان دەچنە ئێران بۆ بەشداریکردن لە پرسەی سەرۆککۆمار و یاوەرە کۆچکردووەکانی وڵاتەکە و لەلایەن محەممەد موخبیرەوە پێشوازییان لێدەکرێت، کە ئێستا وەکو "بەڕێوەبەری دەسەڵاتی جێبەجێکردن" ئەرکەکانی وڵاتەکە رادەپەڕێنێت تاوەکو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئێران، کە بڕیارە کۆتایی مانگی داهاتوو بکرێت.
 
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 22-05-2024 لە تارانی پایتەختی ئێران بە پێشنوێژیی عەلی خامنەیی نوێژ لەسەر تەرمی ئیبراهیم رەئیسی و یاوەرانی کرا و بڕیارە سبەینێ بەخاک بسپێردرێن.
 
 
بەگوێرەی خشتەی بەرنامەی فەرمیی ئێران، بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە 23-05-2024 لە کاژێر 07:30 خولەک بەکاتی هەولێر تەرمی رەئیسی ببرێتە شاری بیرجەند لە پارێزگای خوراسانی باشوور و لە دوانیوەڕۆی هەمان رۆژیش بەرەو مەشهەد بەڕێدەکرێت، هەر لەوێش بەخاک دەسپێردرێت.
 
کاژێر 01:00ی نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 19-05-2024 ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و چەند بەرپرسێکی دیکە، بە هاوبەشی لەگەڵ ئیلهام عەلیێف، سەرۆککۆماری ئازەربایجان، بەنداوی (قیز قەلعەسی)یان لە پارێزگای تەورێز کردەوە.
 
دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکە بۆ بەسەرکردنەوەی پرۆژەیەکی پاڵاوگەی نەوت بە سێ هێلیکۆپتەر بەرەو تەورێز بەڕێکەوتن، بەڵام لە رێگە هێلیکۆپتەری سەرۆککۆماری ئێران کەوتەخوارەوە و سەرجەم سەرنشینانی گیانیان لەدەستدا.
 
بەپێی بەرپرسان و میدیای ئێران، بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا، نەیانتوانیوە لەکاتی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەدا شوێنەکەی دەستنیشان بکەن، بۆیە دوای چەندین کاژێر لە گەڕان بەدوای هێلیکۆپتەرەکە و بەشداریی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاکنجیی تورکی لە ئۆپەراسیۆنەکە، توانرا هێلیکۆپتەرە تێکشکاوەکە بدۆزرێتەوە.
 
رۆژی سێشەممە 21-05-2024 رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرانی لە تەورێز رێکخرا، تەرمەکان لەوێ بەنێو خەڵکدا گێڕدران و خەڵک ماڵئاواییان لێکردن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.