حاکم قادر: پلان بۆ بچووکردنەوەی هەرێمی کوردستان دانراوە

23-06-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی  ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتی نیشتمانی کوردستان، رایگەیاند دوژمنانی گەلی کوردستان بە بەرنامەیەکی ستراتیژی و ئەمنیی داڕێژراو، پلانیان بۆ بچووکردنەوەی هەرێمی کوردستان و بزووتنەوە رەواکەی داناوە، دەشڵێت "دەبێت پەند لە رابردوو وەربگرن، گەلی کورد لەناوناچێت."
 
رۆژی پێنجشەممە، 22-6-2023، حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتیی نیشتمانی کوردستان سەردانی کۆمەڵەی رۆشنبیریی موختارەکانی کوردستانی لە شاری سلێمانی کرد و باسی ژمارەیەک بابەتی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، حاکم قادر لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کە زیاتر لە ساڵێک دەبێت بە هەوراز و نشێو و گرژیی و ساردیدا تێدەپەڕێت، رایگەیاندووە: "مامەڵەکردن بە تۆڵەکردنەوە و لۆژیکی کار و کاردانەوە لە نێوان هەردوو حیزبدا جگە لە زیانگەیاندن بە دۆزی کورد و قازانج بە دوژمنانی گەلی کوردستان، هیچ بەرهەمێکی دیکەی نابێت."
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، حاکم قادر گوتوویەتی: "دوژمنانی گەلی کوردستان بە بەرنامەیەکی ستراتیژی و ئەمنیی داڕێژراو، پلانیان داناوە بۆ بچووککردنەوەی هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی و بزووتنەوە رەواکەی." 
 
حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتی نیشتمانی کوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستوورییە و گەلی کوردستان خەباتی کردووە بۆ ئەم هەرێمە و گەشەپێدانی ویستی گەلەکەمانە، راشیگەیاند: "دەسەڵاتداران لە عێراق و فراکسیۆنە سیاسییەکان، هەقە پەند لە رابردوو وەربگرن، بە پێشێلکردنی مافە نەتەوەییەکانی کورد و بچووککردنەوەی هەرێمی کوردستان، گەلی کورد لەناو ناچێت و ئاشتی لە عێراق بەرقەرار نابێت."
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتیی نیشتمانی کوردستان، سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەڵێت: "یەکێتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و سەردەمیانەدایە کە بەخێراترین کات بکرێت، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیش، بە پێویستی دەزانین لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، گەلی کوردستان بە یەک لیست بچنە هەڵبژاردنەوە و ئەوە باشترین بژارەیە."
 
ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتی نیشتمانی کوردستان لە دوای کۆنگرەی چواری یەکێتی پەسەندکرا و ئەندامەکانی ئەنجوومەنەکە پێکهاتوون لە کۆسرەت رەسوول (سەرۆکی ئەنجوومەن)، مەلا بەختیار، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، عومەر فەتاح، عەدنان موفتی، حاکم قادر، ئەرسەلان بایز، دلێری سەید مەجید و شێخ جەعفەر.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە