کوردستان
حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان.
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان لەبەردەم ئاڵنگاری گەورەدایە و راپۆرتە نێودەوڵەتییەکانیش زەنگی لاوازی و تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانیش لێدەدەن.
دەشڵێت: "پەكخستن و دواخستنی لەوە زیاتری یەكخستنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە زیانێكی گەورە بە گەلی كوردستان دەگەیەنێت." سەبارەت بە مامەڵەی بەغداش لەگەڵ بودجەی کوردستان دەڵێت، "ناکرێت بەغدا بەو شێوەیەی ئێستا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکات و لە چاوەڕوانیدا بھێڵێتەوە و هەر مانگە و بەبیانوویەک ناردنی شایستە داراییەکان دوابخات."
رۆژی دووشەممە، 21-8-2023، حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە سیمینارێکی یاسایدا کە تایبەت بوو بە دادپزیشکی لە شاری سلێمانی باسی دۆخی هەرێمی کوردستانی کرد و رایگەیاند: "رۆژ لە دوای رۆژ لە رێگەی راپۆرت و داتاوە هۆشداری تووند بە هەرێمی کوردستان دەدرێت، کەچی بەرپرسانی هەرێم هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەركردنی كێشەكان نانێن و دەبێت تێبگەن کە بەبێ یەکگرتوویی و کاری هاوبەشی لایەنە کوردستانییەکان، هەرێمی کوردستان زەرەری گەورەی بەردەکەوێت."
هاوکات، باسی سەروەریی یاسای کرد و روونیکردەوە: "سەروەریی یاسا پایەکی گرنگی گەشەکردنی کۆمەڵگایەکی دیموکراتییە، نابێت رێگە بدرێت دادگاكان بە سیاسی بكرێن، کاتێک دادگا سەروەر نەبێت مەترسی ئەوە زیاتر دەبێت، هاووڵاتیان لە جیاتی پەنابردن بۆ دادگا، هەوڵبدەن خۆیان كێشەكانیان چارەسەربكەن، کە ئەوەش تاوان زیاتر دەکات."
سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر ھەرێمی كوردستان، ئەندامەکەی ئەنجوومەنی سیاسیی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی گوتی: "چەند جارێک هۆشداریمانداوە هەرێمی کوردستان لە بەردەم ئاڵەنگاری گەورەدایە، بە داخەوە راپۆرتە نێودەوڵەتییەکانیش زەنگی لاوازبوون و تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان لێدەدەن، دەبێت هەموو لایەنەکان بە تایبەت یەکێتی و پارتی، لەم قۆناخەدا لە جیاتی هەڵدانەوەی پەڕە کۆنەکان، هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان و لێکنزیکبوونەوە بدەن."
مەلا بەختیار دەڵێت: "ناکرێت ئەو هەموو هۆشدارییە نەبیسترێت و بەرپرسان و بڕیاربەدەستانی ئەم وڵاتە هێندە بێدەربەست بن، پێویستە بە خێراترین کات هەنگاوی کردەیی بۆ لێکنزیکبوونەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بنرێت، بە پێچەوانەوە باجی گەورەی لێدەکەوێتەوە."
لەبارەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەشەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە "پەكخستن و دواخستنی لەوە زیاتری یەكخستنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە زیانێكی گەورە بە گەلی كوردستان و پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان دەگەیەنێت و ئەركێكی گرنگە ئەو پرۆسەیە دوانەخرێت و چاکسازی تەواو لەو هێزەدا بکرێت و هێزەکە بکرێتە نیشتیمانی، قۆناخەكە وا دەخوازێت لایەكانی ھەرێمی کوردستان بەتایبەت یەكێتی و پارتی رێنماییەكانی ھاوپەیمانان و دۆستەكانمان جێبەجێ بكـەن بۆ دروستكردنی ھێزێكی نیشتیمانی."
حاکم قاد حەمەجان رەخنەی تووندیشی لە بەغدا و مامەڵەی لەگەڵ بودجە و مووچەی کوردستان گرت و رایگەیاند: "ناکرێت بەغدا بەو شێوەیەی ئێستا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چاوەڕوانیدا بھێڵێتەوە و هەر مانگە و بەبیانوویەک ناردنی شایستە داراییەکان دوابخات، چونكە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەشێکن لە فەرمانبەرانی عێراق و پێویستە نوێنەرانی گەلی کوردستان گوشارەکانیان چڕبکەنەوە و چیدی رێگە نەدەن مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە دوابخرێت، چونکە حکومەتی فیدڕاڵی لە جیهاندا تایبەتمەندی خۆی هەیە و ئێستا بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک حکومەتێکی فیدڕاڵی مامەڵە ناکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ