سێ ئەندامی یەک خێزان لە زێی گەورەدا خنکان

22-08-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمرۆ سێ کەس لە زێی گەورە لە سنووری قەزای خەبات خنکان و تەرمی هەرسێکیان لەلایەن تیمی ژێردەریایی بەرگریی شارستانیی قەزای خەباتەوە دەرهێنراون.
 
رۆژی سێشەممە، 22-8-2023، موقەدەم سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر لەبارەی رووداوی خنکانی سێ کەس لە قەزای خەبات بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پاشنیوەڕۆی ئەمرۆ لە ئاوی زێی گەورە لە قەزای خەبات و بە دیاریکراوی لە نزیک پردی کۆنی قەزاکە سێ کەس، کە باوکێک و برازاکەی و کوڕێکی پیاوەکە لە ئاودا خنکان."
 
موقەدەم سەرکەوت کاڕەش گوتی: "دوای ئاگادارکردنەوەی تیمەکانمان، تیمی ژێردەریاوانیی قەزای خەبات توانییان هەر سێ تەرمەکە دەربهێنن کە بەپێی زانیارییەکان یەک لەدوای یەکدی خنکاون لەو کاتەی ویستوویانە یەکدی رزگار بکەن."
 
لەبارەی ناسنامەی ئەو هاونیشتمانییانە، سەرکەوت کاڕەش بە رووداوی گوت، هەریەکە لە بەختیار کەریم، تەمەن 28 ساڵ؛ بنیامین بەختیار، تەمەن 6 ساڵ و کەژاڵ هەژار، تەمەن 17 ساڵ لە رووداوەکەدا خنکاون. 
 
بەگوێرەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، سەرەتا بنیامین کەوتووەتە نێو رووبارەوە و ئەوانی دیکە هەوڵیانداوە دەریبهێنن، "بەڵام هەرسێکیان خنکاون". دواتر تەرمی هەر سێ کەسەکە گوێزراونەتە دادپزیشکی هەولێر. 
 
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو رۆژی 10ـی ئەم مانەگە 61 کەس لە سنووری هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بە ئیدارە سەربەخۆکانییانەوە لە ئاودا خنکاون، زۆرترین خنکان لە ئاو لە پارێزگای هەولێر، پاشان دهۆک، دواتر سلێمانی و هەڵەبجە دێن. 
 
لەو ژمارەیە 27 کەسیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بوون، 19یان لە پارێزگای دهۆک، 14یان لە پارێزگای سلێمانی بوون، لە پارێزگای هەڵەبجەش یەک کەس بووە.
 
سەبارەت نە ئیدارە سەربەخۆکانیش، لە ئیدارەی زاخۆ بە 9 کەس، لە سۆران 6 کەس و لە گەرمیان 2 کەس و لە ئیدارەی راپەڕینیش یەک کەس لە ئاودا خنکاوە.
 
بەوپێیە بێت، ئامارەکانی ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان دەریدەخات لە ساڵی 2023دا زۆرترین خنکان لە پارێزگای هەولێر بووە کە رێژەی 44.2٪ـی کۆی خنکانەکان دەکات. دوای ئەو پارێزگای دهۆک 31.1 ٪ـی سلێمانی 22.9٪ و پارێزگای هەڵەبجەش 1.63٪ی ئاماری خنکانەکانی بەردەکەوێت.
 
بەپێی ئامارەکان ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان 77 کەس لە ئاودا خنکابوون، لە ماوەی چوار ساڵیشدا واتە لە ساڵی 2018 بۆ 2022، 400 کەس لە ئاودا خنکاون و 250 کەسیش رزگار کراون.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.