رووداو دیجیتاڵ
شەقامی 150 مەتریی هەولێر، یه‌كێكه له ستراتیژیترین پرۆژه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، درێژی شه‌قامه‌كه 70 كیلۆمه‌تره. هه‌ر ئاراسته‌یه‌كی نزیكه‌ی 20 مه‌تر پانه و پێنج ئۆتۆمبێل دەتوانن به‌ته‌نیشت یه‌كه‌وه له‌سه‌ری رێبکەن، بۆ هه‌ر سایدێكیش شاڕێیه‌كی خزمه‌تگوزاری له ته‌نیشتیدا دروست ده‌كرێت.
پڕۆژە‌ی شه‌قامی بازنه‌یی 150 مەتری له‌لایه‌ن كۆمپانیای هێمن گرووپه‌وه بە چەند قۆناخ جێبه‌جێ ده‌كرێت. له قۆناخى یەکەمیدا، رێگه‌ی سه‌ره‌كیی شه‌قڵاوه تاوەکو رێگه‌ی به‌حركه کرایەوە و ئێستاش كاركردن له قۆناخى دووه‌می ده‌ستیپێكردووه و به ته‌واوبوونیشی هه‌ردوو رێگه‌ی سه‌ره‌كیی هه‌ولێر ـ شه‌قڵاوه و هه‌ولێر ـ سلێمانی به یه‌كدی ده‌به‌ستێته‌وه و ئەوەش قەرەباڵخى نێو شارى هەولێر کەمدەکاتەوە.
لە 26-09-2018 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی شەقامی 150 مەتریی هەولێری دانا. شه‌قامی 150 مه‌تریی ده‌بێته شه‌شه‌مین و دواهه‌مین شاڕێی بازنه‌یی به‌ده‌وری هه‌ولێر، شه‌قامكی خێرایه و ناحیه‌كانی بنه‌سڵاوه، كه‌سنه‌زان، داره‌توو، به‌حركه، کۆمەڵگەی مه‌لائۆمه‌ر و رێگای گوێڕ و قۆریتان و سه‌ركارێز به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی لەبارەی پرۆژەکە بڵاوکردووەتەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقی راپۆرتەکەیە:
کۆى پڕۆژەکە کەى تەواو دەبێت؟!
شه‌قامی بازنه‌یی 150 مەتریی هه‌ولێر له پێنج قۆناخ پێكدێت. له ماوه‌ی رابردوودا به‌شی یه‌كه‌می قۆناخی یه‌كه‌م، كاره‌كانی ته‌واو بوو و به‌ڕووی شۆفێراندا كرایه‌وه کە رێگه‌ی شه‌قڵاوه تاوەکو رێگه‌ی به‌حركەیە به درێژیی 10 کیلۆمەتر، ئێستاش كاركردن له قۆناخى دووه‌می ده‌ستیپێكردووه.
ئه‌ندازیار ئه‌میر عه‌بدولخالق به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆژە‌ی 150 مەترى، سه‌باره‌ت به‌كاره‌كانی قۆناخى دووه‌می ئه‌م شه‌قامه تایبه‌ت به فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی هەرێمی کوردستان گوتی: "به‌شی دووه‌می ئه‌م شه‌قامه كه له رێگه‌ی شه‌قڵاوه تاوەکو رێگه‌ی كۆیه كاری تێدا ده‌كرێت، له رێكه‌وتی 31-8-2021 ده‌ستیپێكردووه و وا بڕیاره له كۆتایی ساڵی 2022 ته‌واو بكرێت کە درێژییه‌كه‌ی 7.6 كیلۆمەترە و بڕی گوژمه‌ی خه‌مڵێنراویش بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و به‌شه‌یان 87 ملیۆن دۆلارە.
رەخساندنى هەلی کار بۆ گەنجانی کورد

سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تیی كاركردن له‌م پرۆژە‌یه و ژماره‌ی ئامێر و كرێكاره‌كان، ئه‌ندازیار ئه‌میر عه‌بدولخالق گوتی: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م پرۆژە‌یه پرۆژە‌یه‌كی ستراتیژیی و گه‌وره‌ی پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستانه، بۆیه ده‌مانه‌وێت به باشترین شێوه كاره‌كانی به‌ڕێوەبچێت تاوەکو له كات و ساتی خۆیدا بتوانین ته‌واوی بكه‌ین، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش رۆژانه 400 ئامێری جۆراوجۆر كاری تێدا ده‌كه‌ن ئه‌مه جگه له‌وه‌ی 1100 كارمه‌ند و كرێكاریشمان هه‌یه كه رۆژانه به به‌رده‌وامیی بۆ ماوه‌ی 12 بۆ 14 كاژێر كار ده‌كه‌ن.
ئەندازیار ئەمیر عەبدولخالق هەروەها گوتی: "ئه‌وه‌ی جێگه‌ی دڵخۆشیشه ئه‌وه‌یه كه زۆربه‌ی زۆری كارمه‌ند و كرێكاره‌كانمان كوردن كه ئه‌وه‌ش به‌و واتایه دێت كه ئێمه له رێگه‌ی پرۆژە‌یه‌كی وەهاوە توانیومانه هه‌لی كار بۆ زۆر له گه‌نج و لاو و خه‌ڵكی خۆمان بڕە‌خسێنین، هه‌روه‌ها خاڵێكی دیکە كه گرنگه ئاماژە‌ی پێبده‌م ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ماددانه‌ی له دروستكرنی ئه‌و پرۆژە‌یه‌دا به‌كارهاتوون هه‌ر هه‌مووی به‌رهه‌می ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانه، چونكه ئێمه له كۆمپانیای هێمن گرووپ دوو كارگه‌ی قیرى گەورە و مەسفایەکى قیر و كارگەیەکی به‌ردی شكاو و سێ كارگه‌ی كۆنكرێتمان هه‌یه، كه ئه‌مانه هه‌مووی وا ده‌كات سوود و قازانجی فره‌لایه‌نی بۆ كوردستان هه‌بێت".
پێكهاته‌ی قۆناخى دووەمى پرۆژەکە:

ئه‌و به‌شه‌ی ئێستا كاری تێدا ده‌كرێت له شه‌قامێكی سه‌ره‌كی به دوو ئاراسته پێکدێت، كه پانی هه‌ر یه‌كێكیان 20 مه‌ترە و نێوانى هەردوو سایدەکەش (دوورگه‌ی ناوه‌ندی) 20 مه‌تره كه له داهاتوودا ده‌توانرێت سوودی لێ وەربگیردرێت بۆ سەوزکردن و یا فراوانکردنى شه‌قامه‌كه.
له هه‌ردوو لای راست و چه‌پی شه‌قامه‌كه، شه‌قامی خزمه‌تگوزاریی هه‌یه كه پانیی هه‌ر شه‌قامێكیان 23 مه‌تره و دوو سایدیشه. لەم قۆناخەدا چوار پردی سه‌ره‌كی هەن كه دوو پردیان بۆ سووڕانه‌وه‌یه له چوارڕیانی هه‌ولێر ـ كۆیه و دوو پردیشیان بۆ سوڕانه‌وه و گۆڕینی ئاڕاسته‌یه. هەر لەم قۆناخەى پرۆژەکەدا 13 ئاوبه‌ری سندووقیی جۆراوجۆر هەن، ئه‌مه جگه له دیواری پاڵپشتیی كۆنكرێتی و ته‌واوی بڕگه‌كانی كه پێویسته له دروستكردنی رێگاکەدا هه‌بێت وه‌ك هێماكان و په‌رژینی خۆپاراستن و سیسته‌می ئاوه‌ڕۆ بۆ ته‌واوی رێگاكه.
كوالێتی جیهانیی لە جێبەجێکردنى پرۆژەکە:

زۆرجار ده‌گوترێت دوای ته‌واوبوونی هه‌ر پرۆژە‌یه‌ك گرنگترین قۆناخ ده‌ستپێده‌كات ئه‌ویش قۆناخی چاودێریی و چاككردنه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پرۆژە‌یه به ته‌واوی به‌و شێوه‌یه بێت كه به‌رنامه و پلانی بۆ داڕێژراوه، له‌م باره‌وه ئه‌ندازیار ئه‌میر عه‌بدولخالق دەڵێت: "ئێمه به گوێره‌ی تایبەتمەندیی جیهانیی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئاشتۆی ئه‌مریكی كاره‌كانی ئه‌م به‌شه ئه‌نجام ده‌ده‌ین له‌ڕووی كوالێتی و به‌كارهێنانی جۆری كه‌ره‌سته‌كان، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه بزانین كه قۆناخێكی پێویست و گرنگ هه‌یه له‌دوای قۆناخی دروستكردن ئه‌ویش قۆناخی به‌رده‌وامیدان و پاراستنی رێگه‌كه و چاككردنه‌وه‌یه‌تی".
درێژیی شه‌قامی بازنه‌یی 150 مه‌تری شاری هه‌ولێر 70 كیلۆمەتره ئێستا به هه‌ردوو به‌شی قۆناخی یه‌كه‌م و دووەم 17.6 کیلۆمەتر لە رێگاکە ته‌واو ده‌بێت و دوای ته‌واوبوونی به‌شی دووه‌می ئه‌م قۆناخه ئه‌و قه‌ره‌باڵخی و لۆده زۆره‌ی له سەر شه‌قامه‌كانی دیکەى هه‌ولێر هه‌یه به تایبه‌تی له ده‌روازه‌كانی شار، كه‌م ده‌بێته‌وه و ده‌بێته هۆی به‌ستنه‌وه‌ی رێگه‌ی سه‌ره‌كیی هه‌ولێر ـ سلێمانی و جێبه‌جێكردنی ئه‌م پڕۆژە‌یه‌ش بە هه‌ماهه‌نگیی حكومه‌ت بووه و بۆ ته‌واوكردنیشى سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر ته‌واوی ئاسانكارییەکى ئەنجام داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ