دەزگای خێرخوازیی بارزانی: ئامادەین هاوکاریی مرۆیی رەوانەی غەززە بکەین

22-10-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند، ئامادەییان نیشانداوە بۆ گەیاندنی هاوکاری و پێداویستییەکان بە دانیشتووانی کەرتی غەززە لە فەلەستین و دەڵێت، "هەر کاتێک دەروازەیەک بکرێتەوە، لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ئامادەین هاوکارییەکانمان بگەیێنین."
 
رۆژی یەکشەممە 22-10-2023 ئیبراهیم سەمین، جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەکو ئەرکێکی مرۆیی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەر کوێیەک کارەساتێک رووبدات و خەڵک پێویستیان بە هاوکاری بێت، بەبێ گوێدانە ئایین و رەچەڵەک، ئامادەکاری دەکات بۆ گەیاندنی هاوکاری و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، لەو چوارچێوەیەدا سەردانی کۆنسوڵخانەی فەلەستینمان لە شاری هەولێر کردووە و ئامادەییمان بۆ گەیاندنی هەر هاوکارییەکی پێویست نیشانداوە."
 
جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتیشی، "هەر کاتێک دەروازەیەک کرایەوە و توانای گەیاندنی هاوکارییەکان بە خەڵکی غەززە هەبێت، ئێمە ئامادەین ئەو کارە لە پێداویستیی خۆراک، پزیشکی و کەرەستەی پزیشکی و هی دیکە بگەیێنین بەو خەڵکە لێقەوماوەی ئەو ناوچەیە."
 
رۆژی چوارشەممە 18-10-2023 شاندێكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (BCF) بە سەرۆكایەتیی موسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگاکە لە هەولێر سەردانی كۆنسوڵگەریی فەلەستینی كرد و لەگەڵ نەزمی حزووری، كۆنسوڵی گشتیی فەلەستین كۆبووەوە و ئامادەیی دەزگاکەی نیشاندا بۆئەوەی هاوكاریی مرۆیی رەوانەی فەلەستین بكات. كۆنسوڵی گشتیی فه‌له‌ستین بۆ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ مرۆییە سوپاسی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانیی كرد.
 
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەزگایەکی ناحكومی و ناسیاسی و قازانجنەویستە، له ساڵی 2005 له هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان – عێراق دامەزراوە و مەسرور بارزانی، سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگاكەیە. مۆڵەتی كاركردنی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق وەرگرتووە. هەروەها له ویلایەته یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ساڵی 2016 مۆڵەتی كاركردنی پێدراوە، له كۆبوونەوەی مانگی نیسانی ساڵی 2016ـی ئەنجومەنی كارگێڕی و هەماهەنگیی نەتەوە یەكگرتووەكان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ئەندامی راوێژكاری له ئەنجومەنی ئابووری و كۆمەڵایەتیی"ECOSOC" قبوڵكرا.
 
رۆژی 7ی تشرینی یەکەم، چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەستی ئیسرائیل لە دەوروبەری کەرتی غەززە. لە دوای ئەو هێرشە، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانی چڕی سەر غەززە کرد، تاوەکو ئێستا بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، 4 هەزار و 385 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 661 ـیان منداڵن. هەروەها 13 هەزار و 561 کەسیش بریندار بوونە.
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، تاوەکو ئێستا هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژراون کە زۆربەیان خەڵکی سڤیلن، هەروەها بە گوتەی سوپاکە، 199 کەس لە لایەن حەماسەوە بە دیل گیراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.