20 رۆژەی بانگەشە لە عێراق و کوردستان؛ داوای ئەمریکا و نەمانی شۆستە بۆ خەڵک

22-10-2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

20 رۆژە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکردووە، رکابەرییەکان بۆ هەڵبژاردنەکە گەرموگوڕتر دەبێ، لە گەڵیشیدا کاردانەوە و قسەی لایەنەکان لەسەر هەڵبژاردنەکە. سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی هەڵبژاردنەکە و بەڕێوەچوونی دەکەن، لەنێوخۆی عێراقیش سەرەداوی کوشتنی بەربژێرەکەی هاوپەیمانیی سەروەری دەرکەوتووە.
 
داوای ئەمریکا بۆ سەقامگیری و چەکداماڵینی گرووپەکان 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای لێکردووە "پەلە بکرێت لە چەکداماڵینی ئەو میلیشیایانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن". چونکە دەڵێ "سەروەریی عێراق دەخەنە ژێر پرسیار". 
 
چاوەڕێ دەکرێت یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی دوای هەڵبژاردن بۆ حکومەتی نوێی عێراق، پەیوەندی و هاوئاهەنگی بێ لەگەڵ واشنتن لەسەر ئەو پرسە، چونکە ئەمریکا لە مێژە داوای هاوشێوە لە عێراق دەکات، رۆژنامەی میدڵ ئیست مۆنیتەر لەوبارەوە نووسیویەتی: "حکومەتی داهاتووی عێراق لەبەردەم دووڕیانێکدایە یان کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ئەو گرووپانە، یان کەوتنە ژێرگوشاری ئیدارەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ.''
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی یەکشەممە، 19ـی ئەو مانگە لەبارەی دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان رایگەیاند: "ئەو گرووپانە دەبێ یان بچنە نێو دامەزراوە ئەمنییەکانەوە یان نێو کاری سیاسییەوە، لەسەر ئەم رێچکەیە رێککەوتووین و لە جێبەجێکردنیدا بەردەوامین.''
 
ئێستا ئەمریکا داوای "پەلەکردن" لەو پرسە دەکات و حکومەتی عێراقیش دەڵێ "بەردەوامین"، ئیدارەی ئەمریکا بە دیاریکردنی مارک ساڤایا وەکو نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق، ئامانجیەتی هەنگاوە سەرەکییەکەی کەمکردنەوەی هەژموون و دەسەڵاتی ئەو گرووپانە بێ. جگە لەوەش چەکی دەستی گرووپەکان و دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کێشەیەکی چەندین ساڵەیە و چارەسەر نەکراوە.
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کانوونی دووەمی 2025، هەڵمەتێکی بۆ تۆمارکردنی چەکی دەستی خەڵک راگەیاند، تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو چەکانە رانەگەیێنراوە کە کۆنتڕۆڵکراون، بەڵام ئەو وادەیەی دانرابوو خەڵک چەکەکانی تۆماربکات لە 31ـی کانوونی یەکەمی 2025 کۆتایی دێت.
 
عەمید زیاد قەیسی، گوتەبێژی لیژنەی باڵای نیشتمانی بۆ رێکخستنی چەک و کۆنتڕۆڵکردنی بە دەستی دەوڵەت دەڵێ: "هیچ نیازێک نییە ئەو وادەیە درێژ بکرێتەوە".
 
چەکی کۆنتڕۆڵنەکراو لە عێراق بەردەوام کێشە و مشتومڕ بووە. هەمان ئەو چەکەی سەفا مەشهەدانی پێش کوژرانی هەڕەشەی لێکرا. سەفا مەشهەدانی 15ـی ئەو مانگە لە تارمییەی بەغدا کوژرا. قەیس مەحمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بە رووداوی راگەیاند: "5 کەس کە ئەندامی حەشدی عەشایەرین، لەسەر دۆسیەی گیانلەدەستدانی مەشهەدانی دەستگیرکراون".
 
رکابەری تووندی دوو نزیکی پێشتر؛ مالیکی و سوودانی 
 
لەم هەڵبژاردنەدا نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە لیستێکی پڕی بەربژێرانەوە دەیەوێت دەنگەکانی بەغدا و هەندێک شاری دیکە بباتەوە، بەڵام مالیکی ئەمجارە رووبەڕووی رکابەرێک دەبێتەوە، سێ ساڵە سەرۆکایەتیی حکومەت دەکات و دروشمی "ئاوەدانی و گەشەپێدان"ـی هەڵگرتووە. محەممەد شیاع سوودانی سەرلیستی هاوپەیمانێتییەکە لە بەغدا کە کۆمەڵێک بەرپرس و لایەنی شیعەی تێدا کۆبووەتەوە، لەوانە ئەیاد عەلاوی، ئەحمەد ئەسەدی، فالح فەیاز و کەسانی دیکە.
 
رکابەری نێوان هەردوو لیستەکە لە بەغدا بە جۆرێک گەرمە، کار گەیشتووەتە سەر سکاڵا لەسەر یەکدی تۆمارکردن، بەڵام دوو هەفتەی دیکە هەڵبژاردن سەنگ و قورساییان یەکلایی دەکاتەوە.
 
نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، رۆژی 21ـی 10-2025 لە بانگەشەی لیستەکەی لە بەغدا رایگەیاند "تۆقاندن و دەمچەورکردن" بۆ بەدەستهێنانی دەنگ لێرە و لەوێ روودەدات''، روونی نەکردەوە مەبەستی چ لایەنێكە، بەڵام داوای کرد هەموو خەڵک بە نەتەوە و ئایینی جیاواز دەنگ بدەن.
 
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، 11 پارت و لایەنی لەخۆگرتووە. دیارترینیان حیزبی دەعوەی ئیسلامی بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی؛ نەهجی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەبدسادە فرێجی؛ کوتلەی مونتەسیروون بە سەرۆکایەتیی فالح خەزعەلی؛ بزووتنەوەی هەمم بە سەرۆکایەتیی وائیل جاسم؛ بزووتنەوەی بەشائیر خێر، بە سەرۆکایەتیی یاسر مالیکی؛ رەوتی قەسەمی نیشمانی بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر ئەسەدی؛ یەکێتیی ئیسلامی تورکمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد جاسم جەعفەر؛ بزووتنەوەی و هجی گەنجان بە سەرۆکایەتیی عەلی مالیکی؛ گردبوونەوەی رابوون و بنیادانان بە سەرۆکایەتیی تەڵاڵ بیلال؛ هەروەها قەوارەی پیاوانی عێراق.
 
پێشێلکاری، قوربانییانی بانگەشە و فلێکسی کەوتوو  
 
بەپێی زانیاریی جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ رووداو: "لەوەتەی بانگەشە دەستیپێکردووە، زیاتر لە 350 سەرپێچی بانگەشە تۆمارکراوە و بەربژێر و لیستەکان سزادراون، هەروەها 60 سەرپێچیش لەپێش بانگەشە تۆمارکراون و لیست و بەربژێران سزادراون.''
 
جگە لە سەرپێچییەکان و رێنماییەکانی کۆمیسیۆن، بەڵام زۆربەی پۆستەری لایەنەکان لە کوردستان و عێراق شەقام و شۆستەی خەڵکیان گرتووە، شوێن نەماوە پۆستەر و فلێکسی تێدا دانەنرێت، نەمانی شۆستە و بچووکبوونەوەی خەڵکی ناچارکردووە نەتوانن ئازادانە رێبکەن لەسەر شەقامەکان.
 
بێزاری خەڵک لە پۆستەری زۆر لەلایەک و ژمارەیەک قوربانیش لەلایەکی دیکە، لە کەرکووک دوو کرێکار لەکاتی دانانی پۆستەرێکی بانگەشە لەنزیک دادگەی نوێی کەرکووک ئۆتۆمبێل لێیدان و گیانیان لەدەستدا، گوتەبێژی تەندروستی کەرکووک گیانلەدەستدانی هەردووکیانی پشتڕاستکردەوە، هەروەها لە ناوچەی هندیە لە کەربەلا کرێکارێک لەکاتی بەستنی فلێکسێکی بانگەشە بۆ بەربژێرێک بە ناوی ماجیدە عەرداوی  گیانی لەدەستدا، ماجیدە عەرداوی دوای رووداوەکە گوتی: "گرێبەستم لەگەڵ چاپخانە کردووە ئەوان کرێکاریان داناوە".
 
دیار نییە چەند کەس لە کوردستان و عێراق بەهۆی بانگەشەوە برینداربوون یان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام کەوتنی پۆستەرەکان لەسەر شەقامەکان و هەڵنەگرتنەوەیان نیشانەیەکی دیاری بانگەشەی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە.
 
بەگوێرەی زانیاریی بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر بۆ رووداو: "هەر فلێکسێک رێگەی گرتبێت و دڕابێت فڕێ دەدرێت". 
 
هەروەها لە سلێمانی شارەوانی لەمەودوا ئەو فلێکس و ئاڵایانە فڕێدەدات دەکەونە سەر شەقام و کۆڵانەکان، لە دهۆکیش شێروان حوسێن، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی پارێزگاکە بە رووداوی راگەیاند: "ئەو فلێکسانەی نەشکاون هەڵیان دەگرینەوە، فڕێیان نادەین و لە کۆگاکانی شارەوانیی دایاندەنێین، تاوەکو خاوەنەکانیان بێن و هەڵیبواسنەوە، بەڵام ئەوانەی کەڵکیان نەماوە و زێدەڕۆییان تێدایە، فڕێ دەدرێن".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.