رووداو دیجیتاڵ
لقی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە سلێمانی داوا لە خەڵک دەکات ئەوانەی بایۆمەتریان کردووە، کارتەکانی دەنگدانیان وەربگرنەوە، تاوەکو رۆژی هەڵبژاردنیش دەرفەت هەیە بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکان.
ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری لقی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە سلێمانی رۆژی چوارشەممە، 22-10-2025، بە رووداوی راگەیاند: "تاوەکو رۆژی دەنگدان، دەنگدەران دەتوانن کارتەکانیان وەربگرنەوە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیار دەدات ئایا لە رۆژی دەنگدانیش کارت بدرێتەوە خەڵک یان نا.''
لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 115 هەزار دەنگدەر تۆماری بایۆمەتری بۆ نوێکراوەتەوە، ئامانج عەزیز دەڵێ: "بە سێ بەش کارتی بایۆمەتریی دەنگدەران چاپکراوە، دوو بەشی گەیشتووەتە ئۆفیسی کۆمیسیۆن لە سلێمانی، بەشێکی ماوە و بەمنزیکانە کارتەکان دەگەڕێتەوە و لەڕێگەی ناوەندەکانەوە دابەش دەکرێت.''
لەبارەی سەرپێچیی لایەنەکان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا لە ماوەی نزیکەی 20 رۆژی رابردوودا، ئامانج عەزیز دەڵێ: "خۆشبەختانە بانگەشە هێمن و ئارامە، تەنیا چەند سەرپێچییەک لە سنووری پارێزگاکە دیاریکراوە و نێردراوە بۆ بەغدا بۆ دیاریکردنی سزاکانیان، سەرپێچییەکان زیاتر زێدەڕۆیی هەڵواستینی فلێکس و پۆستەر بووە لە شوێنی قەدەخەکراو.''
تاوەکو ئێستا لە سنووری سلێمانی تەنیا سزای پێبژاردن بە دوو ملیۆن بۆ سەرپێچی تۆمارکراوە و نەگەیشتووەتە دوورخستنەوەی هیچ بەربژێرێک، ئامانج عەزیز دەڵێ: "لەگەڵ هەموو پارتەکان دانیشتین و پێمانگوتوون کە پابەندی بانگەشە بن.''
لقی کۆمیسیۆن لە سلێمانی دەڵێ تاوەکو ئێستا "چوار جار پرۆسەی دەنگدان تاقیکراوەتەوە و کێشەی نەبووە".
پارێزگای سلێمانی 18 نوێنەر دەنێرێتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، 136 بەربژێر لە پارێزگاکە لە لیستی جیاواز رکابەری لەسەر کورسییەکان دەکەن بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ