بەڕێوەبەری ناحیەی گوڵاڵە: لە شەش مانگدا زیاتر لە 200 داوای قەرەبوومان پێگەیشتووە

22-11-2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری ناحیەی گوڵاڵە رایدەگەیێنێت، لە شەش مانگی رابردوودا، زیاتر لە 200 داوایان لەبارەی قەرەبووکردنەوەی مادەی 140 پێگەیشتووە و رۆژانە داواکاریی نوێیان بەدەست دەگات.
 
رۆژی چوارشەممە 22-11-2023، ریاز هادی، بەڕێوەبەری ناحیەی گوڵاڵە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە شەش مانگی رابردوودا، زیاتر لە 200 کەس داوایان بۆ قەرەبووکردنەوە پێشکێشکردووە و  پێشکێشکردنی داواکاری بەردەوامە. 
 
بەپێی دەستووری عێراق کە ساڵی 2005 بە زۆرینەی دەنگی خەڵکی وڵاتەکە پەسند کرا، دەبووایە تاوەکو 31-12-2007 مادەی 140 جێبەجێ بکرێت، کە لە سێ قۆناخ پێکدێت، ئاساییکردنەوە و سەرژمێری و گشتپرسی، بەڵام دوای 18 ساڵ تەنیا بەشێکی قۆناخی یەکەمی مادەکە جێبەجێ کراوە.
 
بەڕێوەبەری ناحیەی گوڵاڵە دەڵێت، "داواکارییەکان ئەمانەن کە 1975 بە زۆرەملێ لە گوڵاڵە لەلایەن رژێمی پێشوو دەرکراون، بەشێکیان گەڕانەونەتەوە گوڵاڵە و بەشێکی دیکە ئێستا لە خانەقین و کەلار نیشتەجێن".
 
ریاز هادی جەخت لەوە دەکاتەوە، "پێشکێشکاران دەبێت بەڵگەی سەلێمێندراو پێشکێش بکەن لەگەڵ راستاندنی بەڵگەکان کە بە زۆرە ملێ لەلایەن رژێمی پێشووەوە دەرکراون، ئەوانیش پێشکێشی قەزای خانەقینی دەکەن". 
 
ناحیەی گوڵاڵە لە زیاتر لە 35 گوند پێکهاتووە، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 110 هەزار کەسە، سەر بە قەزای خانەقینە لە پارێزگای دیالە.
 
بەگوێرەى ئامارێک کە تۆڕی میدیایی رووداو لە لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140 دەستى کەوتووە، لە هەر سێ نووسینگەى کەرکووک و خانەقین و شنگال 68,148 خێزانى ئاوارە قەرەبوو کراونەتەوە کە 39.4%ى تێکڕاى مامەڵەى ئاوارەکانە، لە بەرامبەر قەرەبووکردنەوەى 15,746 خێزانی عەرەبی هاوردە لەو ناوچانە کە دەکاتە %58.5ى تێکڕاى مامەڵەى عەرەبە هاوردەکان.
 
ژمارەى مامەڵەى ئەو خێزانە ئاوارانەى کە لەلاى لیژنەى جێبەجێکردنى مادەى 140 ماون و قەرەبوویان وەرنەگرتووە 104,418 خێزانە، لەکاتێکدا مامەڵەى 10 هەزار و 157 خێزانى عەرەبی هاوردە ماون کە قەرەبوو بکرێنەوە بۆ ئەوەى بگەڕێنەوە ناوچەکانى پێشووى خۆیان.
 
قەرەبووى خێزانە ئاوارەکان 10 ملیۆن دینارە لەکاتێکدا عەرەبە هاوردەکان بۆ گەڕانەوە دوو هێندەیان پێدەدرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 9-11-2023، نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140ـی دەستووری عێراق، لە راگەیێندراوێکدا داوای لە هەزار خێزان کرد کە ناویانی بڵاوکردووەتەوە سەردانیان بکەن بۆ راستکردنەوەی زانیارییەکان و تەواوکردنی ئەو کەموکورتییانەی لە مامەڵەکانیان هەیە بەمەبەستی پێدانی چەکی بانکی پێیان بۆ قەرەبووکردنەوەیان، سەرجەمی ئەو خێزانانەشی ناویان بڵاوکراوەتەوە عەرەبی ناوەڕاست و باشووری عێراقن کە لە چوارچێوەی گۆڕینی دیمۆگرافیی کەرکووک لە سەردەمی رژێمی بەعس هێنراونەتە ناوچەکە.
 
لەبارەی بڵاوکردنەوەی ناوی ئەو خێزانانەوە، رۆژی پێنجشەممە، 9-11-2023، کاکەڕەش سدیق، بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکی مادەی 140، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ماوەی جارێک کۆمەڵێک ناوی خێزانەکان بڵاودەکەینەوە بۆ قەرەبووکردنەوەیان، ئەمڕۆ ناوی ژمارەیەک خێزانمان بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی بەزووترین کات بێن و سەردانی نووسینگەکەمان بکەن بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان و دواتر قەرەبووکردنەوەیان".
 
گوتیشی، "تاوەکو ئێستا بەگشتی ناوی دوو هەزار خێزانی عەرەبی هاوردە تۆمارکراون و ناوی 650 خێزانی ئاوارەی کوردیش تۆمارکراون بۆ ئەوەی ئەمساڵ قەرەبوو بکرێنەوە".
 
دەستپێکردنەوەی قەرەبووی مادەی 140 لەکاتێکدایە، بەگوێرەی بەرنامەی وەزاریی حکومەتی سوودانی کە رۆژی 27-10-2022 پەرلەمان دەنگی لەسەر دا، بڕە پارەیەک کە نزیکەی 100 ملیار دینار بوو بۆ مادەی 140 تەرخان دەکرێت و لە ماوەی مانگێکدا دوای پێکهێنانی حکومەت، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەکە پێکدەهێندرێتەوە کە لە ساڵی 2014وە پەکخراوە.
 
رۆژی 10ـی نیسانی ئەمساڵ، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو 100 ملیارە زۆر کەمە، چونکە ئێمە ئەمجارە بەنیازی بابەتێکی دیکەین لە مادەی 140، ئەویش ئەوەیە کە بۆ یەکەمجارە لەنێوان پێکهاتەکان رێککەوتووین لەسەر بابەتی قەرەبوو بۆ ئەوانەی کە گرێبەستەکانیان هەڵدەوەشێتەوە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە