رووداو دیجیتاڵ
کچە ئەندازیارێک کە لە یەکێک لە پرۆژەکانی سلێمانی کاری کردووە، دوای ئەوەی کەوتبووە نێو مەنهۆڵێکەوە و بە سەختی بریندار ببوو، گیانی لەدەستدا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی دەڵێت، مەنهۆڵەکە نزیکەی 15 مەتر قووڵ بووە.
نینا حوسێن، کە ئەندازیارێکی پرۆژەیەک بووە لە سلێمانی، پێنج رۆژ لەمەوبەر لەکاتی کارکردن دەکەوێتە نێو مەنهۆڵێک و بریندار دەبێت، دوای مانەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە 5 رۆژ لە نەخۆشاخانە و لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدا، رۆژی چوارشەممە 21-12-2022 گیانی لەدەستدا.
رۆژی پێنجشەممە 22-12-2022 دکتۆر ئومێد عەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو کچە سەرەتا هێندرایە نەخۆشخانەکەمان، برینەکانی سەخت بوون، کەوتبووە مەنهۆڵێکەوە کە 15 مەتر قووڵ بووە؛ ئاوی تێدا بووە؛ تووشی خوێنبەربوونی مێشک ببوو، قاچێک و چەند پەراسوویەکی شکابوون."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، خوێنبەربوونەکەی مێشکی نینا ئەوە نەبووە بە نەشتەرگەری چارەسەر بکرێت و تەنیا چارەسەر مانەوە بووە لەژێر چاودێریی پزیشکیدا. گوتیشی، "بە خێزانەکەیمان گوت کە ئەگەری مانەوەی کەمە لە ژیان و ئەگەر گیانیش لەدەستنەدات رەنگە تووشی ئیفلیجی ببێت. دواتر خێزانەکەی بردیانە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی و لەوێ لەژێر چاودێریی چڕدابوو."
نینا حوسێن، دەرچووی بەشی ئەندازیاریی ئاودێریی زانکۆی سلێمانی بووە، بە گوتەی خاڵی کە قسەی بۆ رووداو کرد، نینا لە یەکێک لە پرۆژەکانی کۆمپانیای نالیادا کەوتووەتە نێو مەنهۆڵەوە و بە سەختی بریندار بووە و گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی شار؛ دواتر براوەتە نەخۆشخانەی فارووق و لەوێ گیانی لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ