رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی کەرکووک داوا لە کارگێڕیی قوتابخانەکانی پارێزگاکە دەکات چالاکیی نێو پۆلەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاونەکەنەوە، بەتایبەت لە فەیسبووک. بەڕێوەبەری هۆبەی راگەیاندنی پەروەردەش دەڵێت، "مەبەست لەو کارە رێکخستنی پیشەییانەی کاری میدیای پەروەردەییە."
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی کەرکووک گشتاندنێکی بۆ سەرجەم قوتابخانەکانی سنووری پارێزگاکە دەرکردووە، تێیدا هاتووە، "بڵاوکردنەوە لە پەیجەکانی سۆشیاڵ میدیا (فەیسبووک)ی قوتابخانەکان، تەنیا بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو راگەیێندراو و گشتاندنانە دەبێت کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی کەرکووکەوە دەردەچێت، لەگەڵ رێوڕەسمەکانی بەرزکردنەوەی ئاڵا و چالاکیی دەرەوەی پۆل."
داواشی کردووە، کارگێڕیی قوتابخانەکان بەو گشتاندنەوە پابەند بن کە بە واژۆی مەنسوور مزری، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکووک لە رۆژی دووشەممە 22ی ئەم مانگەوە دەرچووە.
لەبارەی هۆکاری گرتنەبەری ئەو رێوشوێنە، ئەحمەد سامی تائی، بەڕێوەبەری هۆبەری راگەیاندنی پەروەردەی کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو نووسراوە بۆ قسەکردنە لەگەڵ رای گشتی بەپێی داڕشتنێکی پیشەیی میدیایی ناوەندی، بە هیچ شێوەیەک گشتاندنەکە رێگە لە دۆکیۆمێنتکردنی چالاکییەکانی دەرەوەی پۆل و بڵاوکردنەوەی فەرمانە کارگێڕییەکان ناگرێت."
لە رابردوودا بەشێک لە کەسایەتیی سیاسی، کۆمپانیا و سەرمایەداران سەردانی بەشێک لە قوتابخانەکانی پارێزگای کەرکووکیان کردبوو، دواتر بڵاوبوونەوەی وێنەکان وەکو ریکلام و بانگەشە دەرکەوت و نیگەرانیی لێکەوتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ