رووداو دیجیتاڵ
شاندی دەم پارتی دوای دووەمین دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەم پرۆسەیە هەموومان بە ئازادییەوە دەژیێنێت و بۆ بەدیهێنانی ئەمە چاوەڕێی هەوڵی تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەن."
دوای ئەوەی شاندی دەم پارتی (رۆژی چوارشەممە 23-1-2025) سەردانی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە پەیامێکی نووسراوی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "بەڕێز ئۆجەلان سەرەخۆشی ئاراستەی ماڵباتی ئەو کەسانە دەکات کە لە رووداوی ئاگرە هۆتێلەکەی بۆڵو گیانیان لەدەستدا، هیوای شیفای خێراشی بۆ برینداران خواست".
شاندی دەم پارتی کە لە سری سوورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا (فراکسیۆنی دەم پارتی)، پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێکدێت، دوای ئەوەی دوێنێ چوارشەممە نزیکەی چوار کاژێر لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە، لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیاندا دەڵێن: "کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان لەمەڕ پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە".
شاندەکەی دەم پارتی هەروەها ئاماژەی بەوەداوە، کە ئەوانیش بەردەوام دەبن لەسەر کارەکان و دیدارەکانیان. لە هەر پێشهاتێکیشدا رای گشتی ئاگادار دەکەنەوە.
دیداری یەکەمی شاندەکە لەگەڵ ئۆجەلان، 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 بوو. شاندی دەم پارتی بۆ رۆژی دواتر پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە کە تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد - تورک کردەوە.
دوای دیداری یەکەم، شاندەکەی دەمپارتی سەردانی لایەنە سیاسییەکانی کرد، شاندی دەم پارتی رۆژی سێشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2025، کۆتایی بە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی تورکیا هێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ