رووداو دیجیتاڵ
کاوە بازیانی، کەسایەتیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازیی سلێمانی کە دوایین ئێوارەی مانگی رەمەزان لە رێگەی بازیان - سلێمانی تەقەی لێکرا، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە بنەماڵەکەیەوە دەست نزار جەزا، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی کەوتووە، شەوی یەکشەممە 23-04-2023 کاوە بازیانی بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
رۆژی هەینی 21-4-2023، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی رووداوی تەقەکردن لە کاوە بازیانی، کەسایەتی دیاری عەشیرەتی کافرۆشی کە پلەی سەربازیشی هەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای عەسر رووداوەکە روویداوە. ئەو هاونیشتمانییە لەنێو بازیان لە شەقامێکی سەرەکی بووە و بەگوتەی شاهێدحاڵەکان، لەو کاتەدا تەقەی لێکراوە."
سەرکەوت ئەحمەد گوتی، "لەبەر ئەوەی هاونیشتمانییەکە بەبێ هۆشی گەیێندراوەتە نەخۆشخانە، پۆلیسی نەیتوانیوە گوتەی لێ وەربگرێت، بەڵام لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە؛ سەیری کامێراکان دەکرێت و گوتەی شاهێدحاڵەکانی نزیک رووداوەکەش وەردەگیرێت بۆ زانینی وردەکاری رووداوەکە و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە."
بەپێی گوتەی کەسێکی نزیکی کاوە بازیانی، ناوبراو گولـلە بەر سەری کەوتووە. رووداوەکە رۆژی پێنجشەممە 20-4-2023، روویداوە و هێشتا پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان هیچ راگەیێندراوێکی فەرمیان لەبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ