لە هەشت ساڵدا زیاتر لە 120 هەزار کوردی ئێزدی کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە

23-05-2024
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش دەڵێت: لە دوای هێرشەکانی داعش لە ساڵی 2014، زیاتر لە 120 هەزار کوردی ئێزدی کۆچیان کردووە. دەشڵێت: لە وەرزی هاویندا کۆچکردن زۆر زیاتر دەبێت.
 
حوسێن قائیدی بە رووداو راگەیاند، لەبەر نائارامی، خراپی شوێنی ژیان لەناو خێمە، نەبوونی کەلوپەل و خزمەتگوازیی سەرەتایی، کۆچکردنی کوردانی ئێزدی بەردەوامە، "خراپی ئەمنیەتی شنگال، هۆی سەرەکی نەگەڕانەوەی ئاوارەی نێو کامپەکانە و کە ئەوەش ناچاریان دەکات بەدوای ژیانێکی باشتردا بگەڕێن."
 
40 گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی هەڵنەدراونەتەوە
 
پێش شەڕی داعش لە شنگال، ژمارەی کوردانی ئێزدی 550 هەزار کەس بووە؛ بەگوێرەی نوێترین ئامار، لەو ژمارەیە زیاتر لە 120 هەزاریان چوونەتە دەرەوەی وڵات و نزیکەی 135 هەزار کەسیشیان لە کامپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین.
 
تاوەکو ئێستا 83 گۆڕی بە کۆمەڵی کوردانی ئێزدی و ژمارەیەک گۆڕی تاکەکەسی لە شنگال دۆزراونەتەوە. کە 40 لەو گۆڕانە هێشتا هەڵنەدراونەتەوە.
ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشی داعشەوە لە 3ـی ئابی 2014دا  رفێندران، 6 هەزار و 417 کەس بوون؛ سێ هەزار و 548 کەسیان لە رەگەزی مێ و 2 هەزار و 869 کەسیان لە رەگەزی نێر بوون.
 
لەو ژمارەیە 3 هەزار و 571 کەسیان رزگار کراون؛ هەزار و 209 ژن، 339 پیاو، هەزار و 66 منداڵی کچ و 957 منداڵی کوڕن.
ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە شەهیدبوون نزیکەی 5 هەزار کەسن.  داعش کاتێک شەنگال و دەوروبەری داگیرکردووە 68 مەزارگەی لەنێوبردووە.
 
بۆچی کوردانی ئێزدی ناگەڕێنەوە زێدی خۆیان؟
 
چەند هۆکارێک هەن بۆ نەگەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال بۆ زێدی خۆیان، حوسێن قائیدی دەڵێت: "نائارامی، خراپی شوێنی ژیان لەناو خێمە، نەبوونی کەلوپەل و پێداویستی، نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەتایی پێویست. ئێستاش بەشێکی زۆری شنگال بە وێرانەیی ماوەتەوە و تەقەمەنی زۆر ماون هەڵنەگیراونەتەوە. ئەمانە دیارترین هۆکارەکانن."
 
حوسێن قائیدی: لە وەرزی گەرمادا کۆچکردن زیاتر دەبێت
 
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش دەڵێت: لە وەرزی گەرمادا، کۆچکردن زۆر زیاتر دەبێت، چونکە هەم ژیان لێرە سەخت دەبێت و هەمیش کەش و هەوا لەبارترە بۆ کۆچبەری. 
قائیدی دەڵێ: "ئەم کۆچە بەردەوامەی کوردانی ئێزدی، زۆر مەترسیدارە بۆ سەر دیموگرافیا، چونکە هەر کوردێک کۆچ بکات، خەڵکی دیکە جێیان دەگرنەوە."
 
سێ هێزی جیاوازی ئەمنی و چەکدار لە شنگال هەن
 
تاوەکو ئێستا شنگال لە رووی ئەمنیەوە ئاسایی نەبووەتەوە، بەپێی رێککەوتنی 2020 لەنێوان هەولێر و بەغدا، دەبوو قەزاکە لەدەست هێزی ئەمنی و مەدەنی بوایە، بەڵام ئێستا سێ هێزی جیاوازی لێیە، ئەوانیش پۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبی و شەڕڤان و گەریلای سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەلی حەکیم، ئەو گەنجەی لە رووداوەکە گیانی لەدەستداوە

لە بەردەڕەش گەنجێک بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەیەوە گیانی لەدەستدا

لە یەکەم رۆژى جەژنى قورباندا، گەنجێکی دانیشتووی قەزای بەردەڕەش بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەیەوە گیانی لەدەستدا. هاوڕێیەکی گەنجەکە دەڵێت، دەیویست بۆ کات بەسەربردن بچێتە سەر رووباری خازر، بەڵام تووشی ئەو رووداوە بووە