ئایدن مەعرووف: دابەشکردنی کورسیی پێکهاتەکان دابەشکاریی حیزبییە نەک جوگرافی

23-05-2024
شیراز رەئوف
ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
A+ A-
شیراز رەئووف
 
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: کەمکردنەوەی کورسیی پێکهاتەکان لە 11 کورسییەوە بۆ 5 کورسی ستەمە و دابەشکردنی کورسییەکانیش دابەشکردنێکی حیزبییە نەک جوگرافی.
 
ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: لە بنەمادا پرسی کۆتا بە یاسا رێکخراوە، بەڵام ئێستا لە هەرێمی کوردستان ئەو پرسە بە سیاسی کراوە.
 
گوتیشی: دەستنیشانکردنی 5 کورسی بۆ پێکهاتەکان رەتدەکەینەوە، چونکە کەمکردنەوەی کورسی کۆتا ستەمە لە پێکهاتەکان و شێوازی دابەشکردنی کورسییەکانیش بە هەمانشێوە رەتدەکەینەوە چونکە دابەشکردنەکە لەسەر بنەمای حیزبییە نەک بنەمای جوگرافی.
 
"هەڵوێستی گرنگ"
 
لە بەشێکی گوتەکانیدا لە رووداوی ئەمڕۆ وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە هەڵوێستی "سەرۆک بارزانی" بەرامبەر مافی پێکهاتەکان کرد و گوتی: هەڵوێستی جەنابی کاک مەسعود بارزانی بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو کە گوتی "دەبێت هەڵبژاردن بە بەشداریی پێکهاتەکان ئەنجام بدرێت."
 
گوتیشی: پێکهاتەکان تۆمەتبار دەکرێن بە نزیکییان لە پارتی دیموکراتی کوردستان، لەکاتێکدا جگە لە پارتی هیچ لایەنێکی سیاسی پشتیوانی پێکهاتەکان ناکات. "یەک کورسی بۆ تورکمان لە هەولێر کەمە چونکە لەسەر ئاستی عێراق هەولێر دووەم زۆرترین رێژەی تورکمانی تێدایە."
 
گوتیشی: ئێمە وەکو بەرەی تورکمانی عێراق بەشداریی هەڵبژاردن دەکەین و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە بەشداریی هەموو لایەنە سیاسییەکان و هەموو پێکهاتەکان لە هەموو شتێک گرنگترە لامان.
 
"رەتکردنەوەی کۆتا"
 
ئایدن مەعرووف، باسی لە خواستیان بۆ رەتکردنەوەی سیستمی کۆتا لە عێراق کرد و گوتی: تورکمان نەتەوەیەکی رەسەنی عێراق و هەرێمی کوردستانە، هەربۆیە لە عێراقیش سیستمی کۆتا رەتدەکەنەوە تاوەکو کەمینە مامەڵەیان لەگەڵدا نەکرێت.
 
گوتیشی: ئێمە وەکو بەرەی تورکمانی ئامادەین لە دەرەوەی سیستمی کۆتاش بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەین و بەرنامەڕێژیمان کردبوو کە بە لیستێکی هاوبەش بچینە هەڵبژاردنەکەوە.
 
"داوادەکەین 7 کورسی پەرلەمانی کوردستان بۆ تورکمان تەرخانبکرێت، 5 کورسی لە هەولێر و 2 کورسی لە سلێمانی" ئایدن مەعرووف وای گوت.
 
گوتیشی: پێویست ناکات هیچ لایەنێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەستوەردان لە کارەباری پێکهاتەکان بکات و ئێمە خوازیارین تەنانەت تۆماری دەنگدانی پێکهاتەکان لە تۆماری گشتیی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان جیابکرێتەوە و تەنیا پێکهاتەکان مافیان هەبێت دەنگ بە کورسی کۆتاکان بدەن.
 
بە گوتەی ئایدن مەعرووف نوێنەرایەتی راستەقینە بۆ پێکهاتەکان زۆر گرنگە و دان بەوەشدا دەنێت کە لەماوەی رابردوودا کەموکوڕیی لە نوێنەرایەتیکردنی پێکهاتەکان هەبووە و دەڵێت: نەک تەنیا پێکهاتەکان، بەڵکو نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانیش لە پەرلەمانی کوردستان و لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش زۆرجا کەموکوڕییان هەیە لە نوێنەرایەتیکردنی لایانەکانیان.
 
گوتیشی: وەکو نەتەوە دەمانەوێت بەشداربین لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی کورسی کۆتاکان لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێک نییە.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیشیدا ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراق باسی لە پەیوەندییەکانی بەرەکەیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ پارتی و یەکێتی و گۆڕان و لایەنە ئیسلامییەکانیش باشە و لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە پەیوەندی بەردەوامین.
 
گوتیشی: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی کردوون و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجامداون و پەیوەندییەکانی بەرەی تورکمانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیوەندییەکی باشە.
 
رۆژی 22ـی شوباتی 2024 دادگەی باڵای فیدراڵی 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاندەوە، کە پێنج کورسی بۆ کریستیان و پێنج کورسیی بۆ کۆتای تورکمان و یەک کورسیش بۆ کۆتای ئەرمەن بوو، بەڵام لە 20ـی ئایاری 2024 دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن، بە بڕیارێک کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچار کردووە پێنج کورسیی پەرلەمانى کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت و کورسییەکانیش بەسەر بازنەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابەشبکرێن بە جۆرێک 2 کورسی بۆ بازنەی هەولێر و 2 کورسی بۆ بازنەی سلێمانی و 1 کورسیش بۆ بازنەی دهۆک تەرخان بکرێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان

عەلی باپیر داوا دەکات کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان داوا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆن دەکات "هەرچی زووترە،" کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت و کۆسپ نەخرێتە بەردەم بەڕێوەچوونی، بۆئەوەی چیدیکە هەرێمی کوردستان لە بۆشایی یاساییدا نەمێنێتەوە.