رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی دادی پارێزگای ئیلام، دەستبەسەرداگرتنی دارایی و موڵکی 7 هاونیشتمانیی ئەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە تۆمەتی "ناپاکی لە نیشتیمان" راگەیاند.
ئاژانسی میزانی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی ئێران، ئەمڕۆ هەینی 22ی ئایاری 2026 بڵاویکردەوە، دەستی بەسەر ماڵ و موڵکی 7 هاونیشتمانیی یەکێک لە شارەکانی پارێزگای ئیلامدا گرتووە.
دادی پارێزگای ئیلام، ئەو هاونیشتمانییانە بە "ناپاکی" تۆمەتبار کردووە.
عومران عەلی محەممەدی، بەڕێوەبەری دادی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، "ئەو موڵک و داراییانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، پێکهاتوون لە خانوو، ئۆتۆمبێل، پاشەکەوت و داراییە بانکییەکان و چەندین موڵکی دیکە."
ئەم بڕیارەی بەڕێوەبەرایەتیی دادی ئیلام لە کاتێکدایە، لە هەفتەکانی رابردوودا دادی پارێزگا جیاوازەکانی ئێران زنجیرەیەک بڕیاری هاوشێوەیان دژی هاووڵاتیان بە تۆمەتی جۆراوجۆری وەک سیخوڕی و ناپاکی دەرکردووە و دەستیان بەسەر داراییەکانیاندا گرتووە.
رۆژی 28ی نیسانی 2026، غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاند، "دەبێت بێ کەمتەرخەمی دەست بەسەر ماڵ و موڵکی ئەو کەسانەدا بگیرێ کە هاوکاریی دووژمن دەکەن."
پەرلەمانی ئێرانیش لە تەممووزی 2025دا پرۆژەیاسای (زیادکردنی سزای سیخوڕی)ی هەموارکردەوە. بەگوێرەی هەموارە نوێیەکە سزای هەر جۆرە هەوڵێکی هەواڵگری و سیخوڕی بۆ بەرژەوەندیی "وڵاتانی دووژمن"، جگە لە لەسێدارەدان، دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکیش دەگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ