مەترسی لەسەر ناسنامەی مۆنیۆمێنتی ئەنفال لە تۆپزاوە هەیە؛ بەغدا دەیەوێت ناوەکەی بگۆڕێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەربازگەی تۆپزاوە لە کەرکووک، کە بە وێستگەی سەرەکیی کۆکردنەوە و "جیاکردنەوە"ی قوربانیانی ئەنفال دەناسرێت، رووبەڕووی پشتگوێخستنێکی زۆر بووەتەوە. ئێستا مەترسی ئەوە هەیە حکومەتی عێراق ناسنامەی شوێنەکە بگۆڕێت و لە مۆنیۆمێنتی ئەنفالەوە بیکاتە "مۆنیۆمێنتی شەهیدانی عێراق."
 
رۆژی هەینی 22ی ئایاری 2026 موجیب ساڵەیی، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی کەرکووکی کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ساڵێک پێش ئێستا داواکرا سەربازگەی تۆپزاوە بکرێتە مۆنیۆمێنت بۆ ئەنفالکراوان، بەڵام نەک هەر نەکراوە، بەڵکو زۆر بێبایەخ کراوە و پشتگوێ خراوە؛ تەنانەت تابلۆیەکی لێ نییە ئاماژە بە ناسنامەی ئەنفالکراوەکان بکات."
 
بە گوتەی موجیب ساڵەیی، هەوڵێکی "مەترسیدار" لەلایەن حکومەتی عێراقەوە هەیە بۆ ئەوەی ئەو شوێنە، کە گەواهیدەری جینۆسایدی کوردە، بکرێتە "مۆنیۆمێنتی شەهیدانی عێراق." ئەمەش بە گوتەی ئەو، بە واتای شاردنەوەی ناسنامەی راستەقینەی قوربانیانی ئەنفال دێت لەو شوێنەدا.
 
سەبارەت بە هۆکاری جێبەجێنەکردنی پڕۆژەی مۆنیۆمێنتەکە، هیرۆ شێخ عومەر، بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کەرکووک بە رووداوی گوت، "بەمۆنیۆمێنتکردنی سەربازگەی تۆپزاوە بەهۆی نەبوونی بودجەوە لەلایەن دەزگای شەهیدانی عێراقەوە، وەستاوە."
 
هیرۆ شێخ عومەر ئاماژەی بە کێشەیەکی دیکەی یاسایی کرد و گوتی، "زەوییەکانی ئەو سەربازگەیە هێشتا لەسەر میلاکی وەزارەتی بەرگریی عێراقن، سەرەڕای نووسراو و هەوڵەکانمان، کێشەی خاوەندارێتیی زەوییەکە چارەسەر نەکراوە بۆ ئەوەی کارەکانی تێدا دەستپێبکات."
 
13ی نیسانی 2025، شەش ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە نووسراوێکی فەرمی داوایان کردبوو ئەو سەربازگەیە بکرێتە مۆنیۆمێنتێکی نیشتمانی بۆ بیرهێنانەوەی تاوانی ئەنفال.
 
سەربازگەی تۆپزاوە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو لەسەر زەوییە زەوتکراوەکانی جووتیارانی کورد بنیادنرا. لە کاتی شاڵاوەکانی ئەنفال لە ساڵی 1988، ئەم سەربازگەیە بووە شوێنی کۆکردنەوەی ئەوانەی بەر شاڵاوەکانی ئەنفال کەوتن. لەوێدا قوربانییان بەپێی تەمەن و رەگەز لەیەکدی جیا دەکرانەوە؛ گەنجەکان بۆ شوێنی نادیار و گولـلەبارانکردن دەبردران، ژن و منداڵ و بەساڵاچووانیش بەرەو زیندانی "نوگرەسەلمان" لە بیابانەکانی باشووری عێراق رەوانە دەکران.
 
بەگوێرەی شایەتحاڵەکان، رۆژانە ژمارەیەک لە ئەنفالکراوان، بەتایبەتی منداڵان، بەهۆی ئەشکەنجە، برسیێتی و تینوێتییەوە لەناو هۆڵەکانی ئەم سەربازگەیەدا گیانیان لەدەستدەدا. رێکخراوەکانی بواری جینۆساید هۆشداری دەدەن، کە پشتگوێخستنی ئەم شوێنە یان گۆڕینی ناوەکەی، هەوڵێکە بۆ سڕینەوەی بەڵگە زیندووەکانی جینۆسایدی گەلی کورد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە سلێمانی پلەی گەرما 16 پلە دابەزیوە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

لە هەرێمی کوردستان پلەی گەرما 15 پلە دابەزیوە؛ فێنکی تاوەکو کەی بەردەوام دەبێ؟

بەگوێرەی خشتەیەک کە پلەی گەرمای پێنج ساڵی تێدا بڵاوکراوەتەوە، پلەی گەرما لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە پێنج ساڵ لەمەوبەر، بەگوێرەی شارەکان 10 بۆ 16 پلەی سیلیزی دابەزیوە. ئامادەکاری خشتەکە دەڵێ، "مانای ئەوەنییە هاوینێکی فێنکمان دەبێت".