رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پۆلیسی دارستان و ژینگەی ناحیەی قۆرەتوو لە سنووری گەرمیان 10 بەچکە ئاسکیان لە دەستی راوچییەکان رزگار کرد. بەڕێوەبەرەکەیان دەڵێت: "تەمەنی بەچکەکان 3 بۆ 15 رۆژە و دایکیان دەوێ".
بەچکە ئاسکەکان کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی رزگار کراون. پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان رایگەیاند، راوچییەکان بە پیادە ویستوویانە بەچکەکان ببەن و ئۆتۆمبێلیان پێنەبووە.
هاوڕێ جەلیل، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی قۆرەتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "پۆلیسی سنوور کە کامێرای گەرمیبینیان هەیە ئێمەیان لە راوچییەکان ئاگادار کردەوە، بەڵام ئەوانیش دووربینیان پێیە و زانیویانە پۆلیسیان بۆ دەچێ بەچکەکانیان جێهێشتووە و هەڵاتوون".
دەشتی گەرمیان بە ئاسک بە ناوبانگە، کە ئێستا کاتی بەچکەبوونیانە. هاوڕێ جەلیل کە چەند ساڵێکە لەو سنوورە سەرقاڵی رێگرییە لە راوی ئاسک دەڵێ: "کۆمەڵێک راوچی هەن کە ویژدانیان نییە، ساڵانە کاریان ئەوەیە تەنیا بەچکەی ئاسک راو بکەن و بازرگانی پێوە بکەن".
بەچکەکان تەمەنیان لەنێوان 3 رۆژ بۆ 15 رۆژدایە، وەکو بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی قۆرەتوو باسی دەکات، شیری هەموو ئاژەڵێک ناخۆن و گەورەکردنیان بەبێ شیری دایکیان قورسە.
بەهۆی ئەوەی راوچییەکان هەڵاتوون، نازاندرێت بەچکەکان لەکوێ هەڵگیراونەتەوە تاوەکو ببرێنەوە بۆ دایکیان، بەڵام ئەوەش رێگر نەبووە لەپۆلیسی دارستان و ژینگەی سنوورەکە بۆ گەڕاونەوەی ئەو ئاژەڵانە بۆ سرووشتی خۆیان.
هاوڕێ جەلیل گوتی: "یەکێک لە بەچکەکان لەکاتی فڕێدان قاچی شکاوە تاوەکو چاکدەبێتەوە لای خۆمان دەبێ، نۆ بەچکەکەی دیکەمان بردووەتەوە بۆ ئەو سنوورەی هەڵگیراونەتەوە بۆ ئەوەی دایکیان بچن و بیانبەنەوە".
بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی قۆرەتوو گوتی: "چاودێری بەچکەکان دەکەین، هەر بەچکەیەک دایکی نەیباتەوە ناهێڵین تەنیا بێت و دەیهێنینەوە لای خۆمان گەورەی دەکەین و دواتر دەیگەڕێنینەوە بۆ سرووست".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ