رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە گەنجێکی شانۆکار بەناوی خواناس وریا لەنێو بازاڕی چەمچەماڵ کوژرا، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەکە رایگەیاند، کەسیان لەسەر رووداوەکە دەستگیرنەکردووە، بەڵام بکوژەکە بۆ ئەوان ناسراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێکردووە.
ئەمڕۆ یەکەم رۆژی پرسەی ئەو گەنجەیە کە بەشێک لە هاوڕێ و نزیکەکانی دەڵێن پاڵنەری "ئایینی" لەپشت کوشتنەکەیەتی، بەڵام کەسوکارەکەی دەڵێن: "هێشتا نازانین لەسەر چی کوژراوە."
کاژێر 05:50ـی ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2023، لە نێوەڕاستی بازاڕی گشتی قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، ماتۆڕسوارێک دەستڕێژی گوللەی لە گەنجێکی تەمەن 25 ساڵان بەناوی خواناس وریا کرد و کوشتی.
بەپێی شایەتحاڵەکان خواناس لە پێش دووکانێکی فرۆشتنی جلوبەرگ بووە و بکوژەکەی تەقەی لێکردووە. بکوژەکە هەڵاتووە و هێشتا دەستگیرنەکراوە، بەڵام بۆ هێزە ئەمنییەکانی شارەکە کە بەدوایەوەن "ناسراوە." بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای چەمچەماڵ پێشتر ئەو دوو کەسە دەمەقاڵێ و کێشەیان هەبووە، بەڵام دیارنییە لەسەر چی بووە و بۆچی کوشتوویەتی.
رۆژی هەینی، 23-6-2023 عەمید محەممەد عەبدی، بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بکوژی خواناس وریا خەڵکی چەمچەماڵە و کەسێکە بۆ دەزگا ئەمنییەکانی شارەکە ناسراوە، ئەو هاوڕێی نزیکی کوژراوەکە نییە، بەڵام یەکدیان ناسیوە و پێش رووداوی کوشتنەکە دەمەقاڵێیەکیان هەبووە، بەڵام هێشتا روون نییە لەسەر چی بووە."
سەبارەت بە بوونی پاساوی ئایینی بۆ کوشتنی ئەو کەسە، گوتی: "هێشتا روون نەبووەتەوە ئایا بە هۆکاری ئایینی کوژراوە یان نا، سەلماندنی ئەوە پێویستی بە دانپێدانان و لێکۆڵینەوەی ورد هەیە، بەڵام لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە دەکەین، دەنگۆی زۆر لەنێو خەڵک لەسەر رووداوەکە هەن و قسەی زۆر دەگوترێت، بەڵام دەبێت لێ دڵنیاببینەوە."
نزیکەی 24 کاژێر بەسەر رووداوەکە تێدەپەڕێت، بەڵام تۆمەتبارەکە هێشتا دەستگیرنەکراوە و دوای تاوانەکە بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتووە.
خواناس وریا، لەدایکبووی ساڵی 1998ـە، لە هۆزی گلییە، شانۆکار بووە، هاوسەرگیری کردووە و کوڕێکی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە. باوکی نووسەرە. هاوڕێکانی دەڵێن، وریا "بانگەشەکارێکی ئازادی تاکەکەسی و ئازادی بیروبۆچوون بووە و بەرگری لێکردووە."
شەریف رەحیم، یاریدەدەری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ لەبارەی وردەکاریی گیانلەدەستدانی خواناس وریاوە، ئاشکرایکرد: "بکوژ لە نزیکەوە بە دەمانچە تەقەی لە خواناس کردووە، نزیکەی 10 گوللە بەر جەستەی خواناس کەوتوون."
لەدوای کوشتنی خواناسەوە لەسەر هەژمار و پەیجەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی زۆر هەواڵ لەگەڵ وێنەی ئەودا بڵاوکراونەتەوە، زۆربەیان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن "بکوژ لەژێر کاریگەریی ئایینیی رەوتێکی ئیسلامی" ئەو کارەی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەوە نە لەلایەنی فەرمی و نە لەلایەنی بنەماڵەکەیەوە پشتڕاستنەکراوەتەوە، بەڵام کەسوکارەکەی قسەی دیکەیان لەوبارەیەوە هەیە.
پەیجی هۆزی گلی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاندووە، ئەو کوڕە نە لەسەر قەرز و نە لەسەر پارە نەکوژراوە، ئەوەی هەیە لەسەر بیروبۆچوون "تیرۆرکراوە"، بەڵام هێشتا ئەو بابەتە پشتڕاستنەکراوەتەوە.
پیر لوقمان کە خۆی وەکو پیاوی ئایینیی زەردەشتی دەناسێنێت و یەکێک لە پەیڕەوانی ئایینی زەردەشتییە، ئەو لەبارەی کوشتنی خواناس وریاوە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکەوە پۆستی کردووە و دەڵێت ئەو گەنجە "تیرۆرکراوە"، وێنەی وتوێژێکی خۆی و ئەو کوڕەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بەتەواوی پشتیوانیی ئایینی زەردەشتی دەکات، بەبێ ئەوەی روونی بکاتەوە پەیڕەوی کردووە یان نا.
عەلی حوسێن، خزمێکی نزیکی خواناسە، بە رووداوی گوت: "ئەو کوڕە بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی پێشتر لە چەمچەماڵ چەند کارێکی کردووە، بەڵام ماوەی مانگێک دەبوو لە رێگەی یەکێک لە خاڵەکانییەوە لە کۆمپانیایەک لە ئیمارات کاری دەکرد، پێش تەواوبوونی وادەی ڤیزەکەی بە سێ رۆژ هاتووەتەوە بۆ ئەوەی دووبارە ڤیزەی ئیمارات وەربگرێتەوە."
سەبارەت بە هۆکاری کوشتنەکە، عەلی حوسێن گوتی: "هێشتا نە بۆ ئێمە و نە بۆ خانەوادەکەی روون نەبووەتەوە کە ئەو کوڕە لەسەر چی و بۆچی خواناسی کوشتووە." گوتیشی، "پێمان وانییە لەسەر بابەتی ئایینی و بەهۆی جیاوازی بیروباوەڕی ئایینییەوە کوژرابێت."
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی کوشتنی ئەو گەنجەی کرد و داوای لێکۆڵینەوەی وردی لە رووداوەکە و دۆزینەوە و رادەستکردنی تۆمەتبارانی کوشتنی ئەو کوڕەی کردووە بۆ ئەوەی بدرێنە دادگە.
هێشتا تۆمەتباری کوشتنی گەنجەکەی چەمچەماڵ نەدۆزراوەتەوە و دەستگیرنەکراوە، جگە لەوەش خانەوادەکەی هیچ شتێکیان لەبارەی کوشتنەکەی و هۆکارەکانی نەگوتووە، بۆیە ئەو قسانەی لەبارەی کوشتنی خواناس وریاوە دەکرێن، هێشتا لە چوارچێوەی نافەرمی دەمێننەوە.
خواناس لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک لە رۆژی جیهانیی شانۆدا لە ساڵی 2023 نووسیویەتی: "مەبەست لە بوون بە مرۆڤ ئەوەیە کە ئازاد بیت بەڕاستی، لەشولارت، زەین و هۆشت بە تەواوی لە هەموو شتێک ئازادبێت لە ترس و رەق بوون و هەر ئایدۆلۆژیایەک کە هەیە لە کۆمەڵگەدا، درۆنەکەیت لەگەڵ خۆتادا و هیچ شتێکیش نەتوانێت بتبەستێتەوە بەخۆی کە ئەمە چەنێک بۆ خەڵکی ئاسایی گرنگە، 10 هێندە بۆ شانۆکارێک گرنگە."
لە ڤیدیۆیەکی دیکەشدا دەڵێت: "هیچ تاوانێک بایی ئەوە نییە تۆ رووح لە مرۆڤێک بسێنیت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ