لە مەریوان 300 هێکتار دارستان سووتا و دوو کەس دەستگیرکران

23-08-2025
ژینگەپارێزێک لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە
ژینگەپارێزێک لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئاگرێکی بەرفراوان لە دارستان و لەوەڕگاکانی دەوروبەری شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتەوە و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، زیاتر لە 300 هێکتار پووش و پاوانی سووتاندووە. قایمقامی مەریوانیش دەڵێت، دوو کەسیان بەتۆمەتی کردنەوەی ئاگرەکە دەستگیرکردووە.
 
ئاگرەکە رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، سەرەتا لە دارستانەکانی گوندی هانەشێخان سەریهەڵدا و بەهۆی بایەوە بەخێرایی بەرەو گوندەکانی گاگل، بناوچڵە، هەنجیران و دەرەوەران تەشەنەی سەند.
 
سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتادا لەلایەن تیمەکانی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان، ژینگەپارێزانی خۆبەخش، خەڵکی ناوچەکە و فەرمانگەی پاراستنی ژینگە کۆنترۆڵ کرا، بەڵام دواتر ئاگرەکە جارێکی دیکە هەڵگیرسایەوە و زیانی زیاتری لێکەوتەوە.
 
بەشێک لە ژینگەپارێزان پێیانوایە ئاگرەکە "بە ئەنقەست" کراوەتەوە. کەماڵ کۆنەپۆشی، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی سەوزی چیا، ئاماژەی بەوە کرد کە گومانی بەهێز هەیە ئاگرەکە بە ئەنقەست کرابێتەوە و گوتی: "کەسانێکی هەڵپەرست بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان ئەم کارە دەکەن و زیانێکی گەورە لە ژینگەی ناوچەکە دەدەن."
 
هاوکات تیمێکی ژینگەپارێزانیش لە شاری سنەوە بۆ هاوکاریکردنی تیمەکانی مەریوان گەیشتوونەتە ناوچەکە. ئومێد شاداب، ئەندامی ئەنجوومەنی سەوزی چیا، رایگەیاند، "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە." 
 
لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە داوای هێلیکۆپتەری بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.
 
بە گوتەی ئارمان سەلیمی، ژینگەپارێزێکی سنە بەردەوامیی ئاگرەکە و هەڵگیرسانەوەی لە چەند شوێنێک، گومانەکان لەسەر بە ئەنقەستبوونی زیاتر دەکات.
 
قایمقامی مەریوان رایگەیاند، "ئاگرەکە زیانی بە زیاتر لە 300 هێکتار دارستان و پووش و پاوان گەیاندووە و دوو کەسیش بەتۆمەتی دەستهەبوون لە کردنەوەی ئاگر بە ئەنقەست دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت."
 
پارێزگای سنە سرووشتێکی دەوڵەمەندی هەیە. لە کۆی دوو ملیۆن و 900 هەزار هێکتار رووبەری پارێزگاکە، 340 هەزار هێکتاری دارستانە و زیاتر لە یەک ملیۆن و 740 هەزار هێکتاریشی پووش و پاوانی لەوەڕگەیە، کە ساڵانە رووبەڕووی مەترسیی ئاگرکەوتنەوە دەبنەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەسەر تەختە رەشێک نووسراوە "کورد، کوردی، کوردستان". وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکە دانراوە

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی: زازاکی لە مەترسیدایە

رەمزیە ئاڵپارسلان، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی لە باکووری کوردستان هۆشدارییەکی تووند لەبارەی زمانی کوردی لەو پارچەیەی کوردستان دەدات و دەڵێ: "تاوەکو زمانی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان نەچێتە نێو سیستمی پەروەردەوە، رزگاری نابێت."