رووداو دیجیتاڵ
بەسام ئیسحاق، ئەندامی نوێنەرایەتی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە واشنتن رایگەیاند، سەردانەکەی ئەحمەد شەرع بۆ ئەمریکا هیچ لە دۆخی نێوخۆی سووریا ناگۆڕێت و نیگەرانییەکانی خۆی لەبارەی دۆخی ئەمنی ئەو وڵاتە ئاشکرا دەکات و دەڵێت، سوپای سووریا سوپایەکی یەک رەنگە و خەڵک متمانەی پێ نییە، بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانیش لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەحمەد شەرعدا نین، هەر بۆیەش دیمەشق نەیتوانیوە پابەندی رێککەوتنی 10 ئادار لەگەڵ هەسەدە ببێت.
بەسام ئیسحاق لە میانەی بەشداری لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سیما ئابخێزر پێشکێشیکرد باسی لە سەردانەکەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ ئەمریکا کرد و رایگەیاند ئامانج لە سەردانەکەی گفتوگۆیەکی ئاست بەرزی سەرۆکایەتییە کە مەبەست لێی پێدانی جۆرێک لە شەرعییەتە بە ئیدارە نوێیەکەی دیمەشق و گوتی، "پێم وانییە هیچ کاریگەرییەکی راستەقینەی لەسەر دۆخی نێوخۆی سووریا هەبێت، چونکە کێشە لە نێوخۆی سووریا هەن، کە دەبێت لە ناوخۆدا چارەسەر بکرێن".
رۆژی 21/9/2025 ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە نیویۆرک بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە یەکەم سەردانی سەرۆکێکی سووریا دوای 58 ساڵ، ئەم سەردانەی شەرع دەنگدانەوەی گەورەی لە میدیای جیهاندا هەبوو، بە تایبەت کە تا نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا یەکێک بوو لە گەورەترین داواکراوەکانی ئەمریکا لە جیهان، کە خەڵاتی پێدانی زانیاری لەبارەیەوە 10 ملیۆن دۆلار بوو.
بەسام ئیسحاق زیاتر باس لە سەردانەکەی شەرع دەکات و دەڵێت، "دۆخی نێوخۆی سووریا بە یەک سەردان ناگۆڕێت، ئەوەی لەم سەردانە چاوەڕوانکراوە هەوڵدانێکە بۆ پێدانی شەرعییەت و کاریگەری دروستکردنە بۆ ئەوەی هەڵوێستی تووندی هەندێ کۆنگرێسمان لەبارەی یاسای قەیسەر (یاسای تایبەت بە سزاکانی سەر سووریا) بگۆڕێت، کە بەشێک لە کۆنگرێسمانەکان لە دژی هەڵگرتنی یاسای سزاکانی قەیسەرن بەبێ مەرج".
ئەحمەد شەرع لە میانەی پانێلێکدا لە نیویۆرک دووپاتی لەسەر گرنگی هەڵگرتنی سزاکانی کردووەو ئاماژەی بە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد بۆ هەڵگرتنی سزاکان و بە هەنگاوێکی بوێری وەسفکرد و داوای لە کۆنگرێس کرد، هەنگاوەکانی هەڵگرتنی سزاکان خێرا بکات و گوتی "سووریا پێویستی بە دەرفەتێکی نوێیە بۆ ژیان و بونیاتنانەوە."
ئەندامی نوێنەرایەتی مەسەدە لە واشنتن ئاماژە بە گفتوگۆکانی هەسەدە و حکومەتی سووریا دەکات و دیمەشق تۆمەتبار دەکات بەوەی پابەندی رێککەوتنەکەی 10ی ئاداری نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە نەبووەو گوتی، "گفتوگۆکان بەردەوامن و کاتییان پێویستە، هەردوولا لەسەر چەند خاڵیک رێککەوتبوون، بەڵام هێلی گشتی بوون، ماددەی کۆتایی نین و دەکرێ گفتوگۆیان لەسەر بکرێت."
بەسام ئیسحاق زیاتر باس لە هەڕەشەکانی دیمەشق دژی هەسەدە دەکات و بە هەنگاوێک بۆ رازیکردنی تورکیا وەکو هاوپەیمانێکی گرنگی دیمەشق وەسف دەکات و دەڵێت، "نە هەسەدە و نە دیمەشق ناتوانن بڵێن داواکارییەکانیان یەکلابوونەتەوە، ئەوەی دەگوترێت زیاتر بۆ راگەیاندن و رازیکردنی تورکیایە وەکو هاوپەیمانە بەهێزەکەی دیمەشق، چونکە دیمەشق تەنیا باس لە خاڵێکی نێو رێککەوتنەکە دەکات کە تێکەڵبوونی هەسەدەیە لە نێو سوپای سووریا، بەڵام وردەکاری لە رێککەوتنەکە باس نەکراوە."
ئەحمەد شەرع پێش سەردانەکەی بۆ ئەمریکا لە میانەی گفتوگۆیەکی لەگەڵ میدیاکاندا هەسەدەی تۆمەتبارکرد، کە پابەندی رێککەوتنەکان نابێت و گوتی، "ئەگەر تا کۆتایی ساڵ هەسەدە پابەندی رێککەوتنەکان نەبێت رەنگە تورکیا هەنگاوی سەربازی لە دژی هەسەدە بگرێتەبەر."
نوێنەری مەسەدە لە واشنتن رەتدەکاتەوە هەسەدە پابەندی رێککەوتن نەبێت و ئاماژە بە پێشێلکارییەکانی حکومەتی سووریا دەکات لەبەرامبەر رێککەوتنەکە و دەڵێت،"لەو کاتەی رێککەوتنەکە کراوە پێشێلکارییەکانی دیمەشق لەبەرامبەر رێککەوتنەکە بەردەوامن، رێککەوتنەکە دەڵێت، نابێت شەڕ لە نێوان سوورییەکاندا هەبێت، بەڵام شەر لە کەناراوەکانی سووریا و سوەیدا روویدا و پێشێلکاری گەورە لە دژی مافەکانی مرۆڤ کران و خەڵکی بێتاوان کوژران و گرووپی بیانی لە کوشتنی خەڵکدا بەشداربوون، ئەمەش گومانی لەلای هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دروستکرد و متمانە بە تێکەڵبوون لەگەڵ سوپای ئێستای سووریا لاوازکرد، چونکە سوپایەکی نیشتمانی خەڵکی سڤیلی بێتاوان ناکوژێت."
رۆژی دووشەممە 22-09-2025 ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا لە پانێلێکدا لە لوتکەی ساڵانەی کۆنکۆردیا لە نیویۆرکی ئەمریکا باسی کێشەی چەکی لە سووریا کرد و گوتی: "دەبێت چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت".
سەرۆککۆماری سووریا باسی لە هەوڵەکانی حکومەت کرد بۆ یەکخستنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە چوارچێوەی سوپای نوێی سووریادا و شەرع رایگەیاند، گفتوگۆیان لەگەڵ چەندین گرووپی چەکداری و هەسەدە کردووە بۆ ئەوەی هێزەکانیان تێکەڵ بە سوپای سووریا بکەن و "سوود لە ئەزموونی ساڵانی رابردوویان وەربگیرێت".
سەبارەت بە پرسی کورد، ئەحمەد شەرع جەختی لە پاراستنی مافی کورد کردەوەو گوتی: "لە یەکەم دانیشتنماندا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، باسمان لەوە کرد کە مافی کورد پارێزراوە. ئەگەر ئێوە بۆ مافی کورد خەبات دەکەن، پێویست بە رشتنی یەک دڵۆپ خوێنیش ناکات."
لەبارەی قسەکانی شەرعەوە، بەسام ئیسحاق بۆ بوونیاتنانی متمانە داوای هەنگاوی لە دیمەشق کرد و گوتی،"بەبێ بوونی هەنگاوی بنیاتنانی متمانە و تێکەڵبوونێکی قۆناغ بە قۆناغ، مەحاڵە پێشکەوتن هەبێت. بۆیە هەر کاتێک سەرۆک ئەحمەد شەرع باسی تەسلیمکردنی چەک دەکات، یان ئەوەی کە هەسەدە یان مەسەدە پڕۆژەیەکی جوداخوازییە، ئەوا متمانەی هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر و مەسەدە بە سەرۆکی کاتی، ئەحمەد شەرع، زیاتر لاواز دەبێت، کە ئێمە هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین لە بەدەستهێنانی متمانەی ئێمەدا."
نوێنەری مەسەدە لە واشنتن نیگەرانی زیاتری خۆیان لەبارەی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی سووریای خستەڕوو، گوتی "پۆلیس و سوپای سەر بە حکومەتی کاتی، سوپایەکی نیشتمانی نین، چونکە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان ناکەن، تەنها سوپایەکی یەک رەنگن. بۆیە تا ئەو کاتەی سوپایەکی نیشتمانی پێکدێت، کە هەموو سوورییەکان لە هەموو نەتەوە و تایفە و ئایینەکان نوێنەرایەتی بکات، ناتوانین متمانە بەم سوپایە بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ