هاونیشتمانیانی رۆژئاوای کوردستان داوادەکەن هێزی نێودەوڵەتی ناوچەی ئارام بپارێزێت

23-10-2019
سەرباز سیامەند
خۆپیشاندان لە قامشلۆ
خۆپیشاندان لە قامشلۆ
نیشانەکردن رۆژئاوای کوردستان
A+ A-

رووداو-قامشلۆ

هاونیشتمانیانی رۆژئاوای کوردستان کە بەهۆی شەڕەوە ماڵ و ناوچەکانیان جێهێشتووە داوادەکەن ئەو ناوچە ئارامەی دوای رێککەوتنی ئەمریکا- تورکیا و رووسیا- تورکیا بڕیاری لێدراوە، لەلایەن هێزێکی نێودەوڵەتییەوە بپارێزرێت.


هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە قامشلۆ گوتی:" ئەمڕۆ لە چوارگۆشەی ئەمنی یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی قامشلۆ ئۆتۆمبێلێكی نەفەر هەڵگر تەقییەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە. دوای چەند خوڵەکێک لە شارۆچکەی شەدادی لە رێگەی ماتۆڕەوە تەقینەوەیەکی دیکە روویدا، بەهۆیەوە سێ مەدەنی برینداربوون. هیچ کەس و لایەنێکیش بەرپرسیارێتی دوو تەقینەوکانی لە ئەستۆ نەگرتووە."

پەیامنێری رووداو دەڵێت، تاوەکو ئێستا چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن پابەندی هیچ ئاگربەستێک نەبوونە. بەپێی زانیارییەکانی هەسەدە، ئەمڕۆ ئەو چەکدارانە هەوڵیانداوە چەند گوندێکی دەورووبەری سەرێکانی کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵام رێگریان لێکراوە. بەوهۆیەشەوە "ژمارەیەک چەکداری ئۆپۆزیسیۆنی سووری سەر بە تورکیا کوژراون و چەند شەڕڤانێکیش شەهیدبوون."

پۆلیسی سەربازی رووسیا لە کۆبانێ



دوای رێککەوتنی نێوان تورکیا و رووسیا بۆ یەکەمجار پۆلیسی سەربازی رووسیا لە کۆبانێ دەرکەوتن و لەوناوچانەدا سووڕانەوە. ئەو هەنگاوەی رووسیاش جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیە، کە لە کاژێر 12:00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەدواوە دەستیپێکردووە.

بەگوێرەی رێكکەوتننامەی رووسیا- تورکیا پێویستە لەماوەی 6 رۆژی داهاتوودا تەواوی هێزەکانی هەسەدە لەو سنوورەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان بەیەک دەبەستێتەوە و دیاریکراوە بکشێنەوە. بەڵام هەسەدە دەڵێت جگە لە چەند خاڵێک نەبێت بەشێوەیەکی چڕ لەو ناوچانە نەکشاونەتەوە.

دەروازەی سێمالکا لەنێوان داخستن و کرانەوەدا

دەروازەی سێمالکا، کە باشوور و رۆژئاوای کوردستان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، پرسێكی دیکەیە لەدوای هەوڵەکانی رووسیا- تورکیا و سووریا و دەنگۆی ئەوە هەیە دابخرێت، کە ئەوەش کاریگەری لەسەر پەیوەندی بازرگانی و پەیوەندییەکانی باشوور و رۆژئاوای کوردستانیش دەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بەگوتەی پەیامنێری رووداو، بابەتی داخستنەکەی بەتەواوی پشتڕاست نەکراوەتەوە.

هەڵکەوت عەزیز، گوتی: "ئەگەر دێرک رادەستی حکومەتی سووریا بکرێت، کە رووسیا- تورکیا لەوێ دەورییەی هاوبەشیان دەبێت، داخستنی ئەو سنوورە زۆر نزیک دەبێتەوە. چونکە لەسەر هەمان رێگا و هەمان شوێنن."

خۆپیشاندانی رەتکردنەوەی سوپا و گرووپە چەکدارەکان

ئەمڕۆ خۆپیشاندان بۆ رەتکردنەوەی بوونی سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی لە شارەکانی حەسەکە، قامشلۆ، تەلتەمر و شوێنەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو. 

پەیامنێری رووداو گوتی: "لە قامشلۆ بەسەتان کەس لە خۆپیشاندەران هاتنە بەردەم ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە قامشلۆ و داوای راگرتنی ئەو دەستوەردانەی تورکیایان لە خاکی رۆژئاوای کوردستان کرد. داوای ئەوەشیانکرد ئەو ناوچەیەی کە ناودەنێت ناوچەی ئارام لەلایەن هێزێکی نێودەوڵەتییەوە بپارێزرێت." 

هەروەها خۆپیشاندەران دەڵێن، کەس ئامادەنییە بۆ ناوچەکانیان بگەڕێتەوە تاوەکو شوێنەکانیان لەژێر دەسەڵاتی چەکدارانی سەر بەتورکیا و گرووپە چەکدارەکانی دا بێت. چونکە ئەزموونی عەفرین هەیە و لە گرێسپی و سەرێکانیش چەکدارەکان چوونەتە سەر ماڵی هاووڵاتیان و دەرگا و پەنجەرەیان شکاندوون و شتی خەڵکیان بردووە، بەتایبەت لەرۆژانی سەرەتای چوونە ژوورەوەیان لە سەرێکانی.

هەڵکەوت عەزیز، باسیشی لەوەکرد "ئەو پیاوە بەتەمەنانەی سەرێکانی، کە بۆ پارێزگاریکردن لەماڵەکانیان مابوونەوە لەلایەن ئەندامانی ئەو گرووپە چەکدارییەوە رووبەڕووی ئەشکەنجە و ئازار بوونەتەوە و پارەیان لێسەندراوە.  بۆیە خۆپیشاندەران گەڕانەوەیان بۆ شوێنەکانیان لەکاتی بوونی سوپا و گرووپە چەکدارەکان رەتکردەوە و داوایانکرد ناوچەکە رادەستی هێزێکی نیودەوڵەتی بکرێت نەک رادەستی سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە