رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێ: "زەحمەتە" پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانی کوردستان بتوانێ کۆببێتەوە، هەڵبژاردنەکەی عێراقیش بە "گرنگ " دادەنێ.
سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دوای هەڵچوونێکی گەورەی هەرێمی و نێودەوڵەتی دێت، گۆڕانکاری هەن و دەبێ عێراق فریای خۆی بکەوێت.''
سەعدی پیرە باسی ئەو پرسانە دەکات بۆ کورد لە عێراق گرنگن و دەڵێ :"هەڵبژاردنەکە بۆ مەسەلەی شەڕ و ئاشتی لە عێراق، چاکسازی لە عێراق، جێبەجێکردنی دەستوور و مادەی 140، ئەمنییەتی سنوورەکان و پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و ئەوەشی پەیوەندی بە رۆژئاوای کوردستانەوە هەیە، بەو ژمارەیەی کورد بەدەستی دێنێت، هەوڵدەدات بۆ ئاشتی و سەقامگیری و جێبەجێکردنی ئەو پرسانە لە عێراق .''
سەعدی پیرە ئەو لایەنانە بە ئۆپۆزیسیۆن دانانێ کە لە یەکێتی جیابوونەتەوە و دەڵێ: "لەنێو یەکێتی ئەو جۆرە کارانە هەر هەبووە و خۆیان تاقیکردووەتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.''
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمان پێش هەڵبژاردنی عێراق، سەعدی پیرە دەڵێ :"بە گوێرەی ئەو بارودۆخەی ئێستا دەیبینم زەحمەتە.''
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هێشتا پارتی و یەکێتی نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم، پێش بانگەشەی هەڵبژاردن گفتوگۆیان کرد لەسەر پۆست و بەرنامەی حکومەتی داهاتوو، رێککەوتنی کۆتاییان نەکردووە.
هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی رۆژی 15ـی 10ـی 2025 بە رووداوی راگەیاند: "وەزارەتی ناوخۆ نادەینە یەکێتی، پارتی ئەو وەزارەتە بە بەرکەوتەی خۆی دەزانێ". هۆشداریش دەدات، دوای هەڵبژاردن یەکێتی ئەوەی دەستناکەوێ کە پێش هەڵبژاردن پارتی پێی دەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ