رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی فەرەنسی بە رووداوی راگەیاند، چاودێری ئەو ئۆپەراسیۆنە دەکەن، کە هێزەکانی حکومەتی سووریا کردوویانەتە سەر کەمپێک لە حەلەب بۆ دەستگیرکردنی جیهادییەکی دیاری فەرەنسی.
هێزەکانی سووریا رایانگەیاند، کەمپێکیان گەمارۆداوە کە جیهادییەکی دیاری فەرەنسیی تێدایە و لەلایەن حکومەتەکەیەوە داواکراوە. بە گوتەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، پێکدادان لەنێوان هەردوولادا روویداوە، بەڵام نەیانتوانیوە دەستگیری بکەن.
لەو بارەیەوە رۆژی پێنجشەممە سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی فەرەنسی بە رووداوی راگەیاند: "تێبینیی ئەو ئۆپەراسیۆنەمان کردووە و لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەین." سەرچاوەیەکە ئامادە نەبوو هیچ قسەیەکی دیکە لەسەر ئەو ئۆپەراسیۆنە نییە بکات، کە بە گوتەی ئەوان بە سەرپەرشتیی هێزە ئەمنییەکانی نێوخۆی حکومەتی راگوزەر دەکرێت.
ئەو گرووپە جیهادییە بیانییە، چوارشەممە 22-10-2025 کرایە ئامانج، بە "فرقە الغرباء" یان (لیوای بیانییەکان) ناسراوە و لەلایەن (عومەر دیابی)ـی تەمەن 50 ساڵەوە سەرکردایەتی دەکرێت، کە تاوانبارێکی فەرەنسی-سەنیگالی بووە و دواتر بووەتە بانگخواز و ناوی خۆی بۆ (عومەر ئۆمسن) گۆڕیوە.
غەسان بەکر، فەرماندەی باڵای ئەمنیی سووریا لە پارێزگای ئیدلبی باکووری رۆژئاوای سووریا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هێزەکانی حکومەت بە تەواوی ئەو کەمپەیان لە نزیک سنووری تورکیا گەمارۆداوە، کە دیابی تێیدا خۆی حەشارداوە. ئۆپەراسیۆنەکە دوای ئەو تۆمەتانە هات، کە گوایە گرووپەکە کچێکیان رفاندووە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە، یەکەمین هێرشی ناسراوی حکومەتە نوێیەکەی سووریایە کە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە کانوونی دووەمی رابردوودا، جیهادییەکان دەکاتە ئامانج.
لەوکاتەوەی دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، سەرکردە نوێیەکانی سووریا هەوڵیانداوە خۆیان لە رابردووی رادیکاڵی ئیسلامییان بەدوور بگرن و وێنەیەکی میانڕۆتر پێشکەش بکەن، کە بۆ سووریاییەکان و زلهێزە بیانییەکان زیاتر قبووڵکراو بێت.
بەکر رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان "هەوڵیانداوە لەگەڵ سەرکردەکەدا دانوستاندن بکەن بۆ ئەوەی بە ویستی خۆی، خۆی رادەست بکات، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە و تەقەی کردووە."
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئۆپەراسیۆنەکەی پشتڕاستکردەوە. رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەکە رایگەیاند، "بە ئامانجی رادەستکردنەوەی ئەو ئەندامە فەرەنسیانەی کە لەلایەن حکومەتەکەیانەوە داواکراون، هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی کەمپەکەیان داوە و ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان کردووە."
جیبریل، کوڕی دیابی کە یاریزانێکی تۆپی پێیە لە ئیدلب، لە رێگەی واتسئاپەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "پێکدادانەکان دوای نیوەشەو دەستیانپێکرد و هێشتا بەردەوامن." هەروەها گوتیشی، "هێزە ئەمنییەکان کەمپەکەیان بۆردوومان کرد، کە ژن و منداڵی تێدایە." جیبریل پێیوایە پێکدادانەکان پەیوەندییان بە "داوای فەرەنساوە هەیە بۆ رادەستکردنەوەی دوو ئەندامی فەرەنسیی گرووپەکە."
روانگەی سووری پشتڕاستی کردەوە، دوانیوەڕۆی چوارشەممە پێکدادانەکان وەستاون و "جیهادییە بیانییەکان (جگە لە فەرەنسییەکان) بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە نێوەندگیری دەکەن."
عومەر ئۆمسن کێیە؟
لە ئەیلوولی 2016دا ئەمریکا عومەر ئۆمسنی وەک "تیرۆریستێکی نێودەوڵەتی" ناساند، کە گومانی لێدەکرا چەکداری فەرەنسی رەوانەی سووریا کردبێت، لەلایەن فەرەنساشەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.
بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکانی فەرەنسا گرووپەکەی دیابی لە نزیکەی 50 کەس پێکدێت، بەڵام هیچ پەیوەندییەکیان بە داعشەوە نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ