لە بانە کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا

23-11-2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز، کە لە ناوچە سنوورییەکانی بانەدا بە تەقەی هێزی پاسەوانی سنووری ئێران بریندار ببوو، گیانی لەدەستدا.
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەسعەد حەسەن پوور، تەمەن 25 ساڵ، شەوی 21.11.2023 لە ناوچەی سنووریی هەنگەژاڵە بانە، لەلایەن هێزی پاسەوانی سنووری ئێرانەوە تەقەی لێکرابوو و بریندار ببوو.
 
شەوی سێشەممە لە سنووری بانە هێزی پاسەوانی سنووری ئێران بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک و لەمەودای نزیکەوە تەقەیان لە چەند کۆڵبەرێک کردووە و ئەسعەد حەسەن پوور، خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری سەقز، بە سەختی بریندار بوو و دواتر گیانی لەدەستدا.
 
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی نزیکەی سێ مانگی رابردوودا حەوت کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا کوژراون و 105 کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.
 
بەشی زۆری ئەو کەسانە لە ناوچە سنوورییەکانی هەنگەژاڵی بانە و سنووری نەوسوود لە پارێزگای کرماشان تەقەیان لێکراوە.
 
لەگەڵ کۆتاییهاتنی وەرزی کشتوکاڵ و گەڕانەوەی سەرما، زۆر لە هەلەکانی کار لەنێو دەچن و ژمارەیەکی زیاتری خەڵک روو لە کۆڵبەریی لە ناوچە سنوورییەکاندا دەکەن. 
 
کۆڵبەریی تەنیا تایبەت بە خەڵکی ناوچە سنوورییەکان نییە، بەڵکو بەهۆی دۆخی خراپی ئابوورییەوە زۆر کەسی خەڵکی شار و گوندەکانی دوورتر لە سنووریش لە رێگەی کۆڵبەرییەوە هەوڵ بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان دەدەن.
 
حکومەتی ئێران لە ماوەی رابردوودا سێ دەروازەی کۆڵبەریی لە پارێزگاکانی سنە و کرماشاندا کردووەتەوە و بەگوتەی بەرپرسان، لە هەوڵدان دەروازەی کۆڵبەریی دیکەش بکەنەوە، بەڵام لەم دەروازانەوە مۆڵەت دەدرێت تەنیا هەندێ کەلوپەلی رێپێدراو هاوردە بکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە