رووداو دیجیتاڵ
بەرەی تورکمانی لە شاری کەرکووک پۆستێکی نوێ وەردەگرێت و بەربژێرێکی ئەو بەرەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکرێت بە بەڕێوەبەری شارەوانییەکی نوێ لە پارێزگاکە، بەڕێوەبەرە نوێیەکەش دەڵێت،"وەکو سەرۆکی شارەوانی شارە نوێیەکان دەستبەکاربووم."
راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت فەرمانی کارگێڕیی ژمارە 60ـی ساڵی 2023ـی دەرکرد کە تایبەتە بە دامەزراندنی تورکیش عیزەدین، جێگری سەرۆکی ئەندازیاران لە شارەوانی کەرکووک بە سەرۆکی شارەوانیی "شارە نوێیەکان."
راسپاردنی ئەو ئەندازیارە لەکاتێکدایە ئەو لەسەر لیستی بەرەی یەکگرتووی تورکمانی عێراق ژمارە 109 بۆ ئەندامێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کەرکووک بەربژێرە و ژمارە 21ـی لە زنجیرەی بەربژێران هەیە.
رۆژی پێنجشەممە، 23-11-2023، ئەندازیار تورکیش عیزەدین، بەڕێوەبەری شارەوانیی شارە نوێیەکان لە پارێزگای کەرکووک لەبارەی دامەزراندنی لەو پۆستە، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "من ماوەی پێنج ساڵ بەڕێوەبەری بەشی پلاندانان و بەدواداچوونی ماستەرپلانی کەرکووکم، شارەزاییەکی تەواوم لەو بابەتە هەیە، دیاریکردنم بۆ بەڕێوەبەری شارەوانیی شارە نوێیەکان بۆ ئەوەیە کە لەو کارە پسپۆڕم و دەمانەوێت لەو رێگەیە کۆنتڕۆڵی خانووە زێدەڕۆکان بکەین و هەوڵبدەین ماستەرپلانی شارەکە جێبەجی بکرێت."
باسی لەوەش کرد کە هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە ئەگەر لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە بڕیارە 18-12-2023 بەڕێوەبچێت و کورسی بەدەستبهێنێت، لە پۆستە نوێیەکەیدا دەمێنێتەوە یان دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ئەوەش گوتی" ئەو کات بڕیار دەدەم."
ئەو ئەندازیارە گوتیشی، فەرمانی وزاریی بۆ دامەزراندنی گەڕاوەتەوە و دەستبەکاربووە و وەکو خۆی گوتی، " هەرچییەک بۆ بەرژەوەندیی کەرکووک بێت دەیکەم."
لە نووسراوەکەیدا کە رۆژی 16ـی ئەم مانگە دەرچووە، راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە بەڕێوەبەری ئەو شارەوانییە نوێیە "شارە نوێیەکان" لەگەڵ بەڕێوەبەری پلاندانانی ئاوەدانی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یاریدەدەری پارێزگار بۆ کاروباری هونەری سنووری شارەوانیی شارە نوێیەکان دیاریدەکەن.
جیاواز لەوەش فەرمانی کردووە تاوەکو باڵەخانەیەک بۆ ئەو شارەوانییە نوێیە دیاریدەکرێت، نهۆمی یەکەمی باڵەخانەی شارەوانیی کەرکووک بۆ شارەوانیی"شارە نوێیەکان" دابنرێت و بەربژێرەکان بۆ بەرپرسی بەشەکانی (موڵکەکان، یاسایی، رێکخستنی شارەکان و ژمێریاری) پێشکێش بکرێن.
وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن ئەو بەربژێرەی بەرەی تورکمانی لە کاتێکدایە، لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە 138 پۆستی ئیداری و ئەمنیی کەرکووک، لە دەستی کورد دەرهێنراون. هەریەکە لە پارتی و یەکێتی، یەکدی بە هۆکاری لەدەستدانی پۆستەکان تۆمەتبار دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ