کارەبای دەوربەری هەولێر کەمدەبێتەوە؛ 'هۆکارەکەشی زۆری خواستە'

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ماوەی چوار رۆژە دانیشتووانی بەشێک لە گوند و گەڕەکەکانی دەوروبەری هەولێر بەدەست کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەباوە دەناڵێنن و شەوانە بە "لایت و چرا" بەڕێدەکەن. بەرپرسانی کارەباش دەڵێن، گرفتەکە بەهۆی زۆریی خواست و کێشەی تەکنیکییەوەیە.
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، دانیشتووانی ناوچەکانی (تووڕەق، مامزاوا، کۆڕەکی گەورە و بچووک و مەلائۆمەر) لە دەوروبەری هەولێر، لە دۆخێکی سەختدان و دەڵێن: "شەوانە کارەبامان نییە و بۆ بەڕێکردنی شەوەکانیان پەنا بۆ لایت و چرا دەبەین."
 
کەمال عەساف، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر 2 بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی زۆریی خواست لەسەر کارەبا، لۆدێکی زۆر لەسەر وێستگەکان و تۆڕەکانی کارەبا دروستبووە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر 2، بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا رۆژانە جێگیر نییە و کەم و زیاد دەکات، ئەوانیش تەنیا ئەو بڕە دابەش دەکەن کە لەلایەن کۆنترۆڵی ناوەندییەوە بۆیان دابین دەکرێت.
 
هەروەها تەحسین مزووری، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای دەشتی هەولێر رایگەیاند، کێشەکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی دابەشکردن نییە، بەڵکو پەیوەندی بە بڕی بەرهەمهێنان و هەندێک گرفتی تەکنیکی لە وێستگەکان و کۆنترۆڵی گشتییەوە هەیە.
 
تەحسین مزووری بە رووداوی گوت: "ئێستا وەزارەتی کارەبا سەرقاڵی چارەسەرکردنی گرفتە تەکنیکییەکانن لە وێستگەکان بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە."
 
سەبارەت بە گرفتی ئەو گوندانەی دەکەونە سنووری کارەبای شاوێس، عەلی محەممەد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی دابەشکردنی کارەبای شاوێس ئاماژەی بەوە کرد، بڕی بەرهەمهێنان، کاریگەری راستەخۆی لەسەر کاژێرەکانی کارەبا و بڕی دابەشکردن هەیە و هەر لۆدێک لەسەر وێستگەکان هەبێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی گرفت بۆ وێستگەکان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە